ئه‌پێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی دروست كرا

:: AM:11:49:22/02/2017 ‌
له‌ وڵاتی ژاپۆن پسپۆڕان هه‌ڵستاون به‌ دروستكردنی ئه‌پێكی نوێ، به‌ مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی تاوانه‌كانی ده‌ستدرێژیی سێكسی، به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌و ئه‌په‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ ئاگه‌داركردنه‌وه‌ی خاوه‌نی مۆبایله‌كه‌ له‌ چوون و نزیكبوونه‌وه‌ی بۆ ئه‌و ناوچه‌ و شوێنانه‌ی، كه‌ پێشتر تاوانی ده‌ستدرێژییان تێدا رووداوه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ رۆژنامه‌ی ئیندپێندنت بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و ئه‌په‌ ناوی میامووچییه‌ و مانگی رابردوو له‌لایه‌ن پۆلیسی ژاپۆنه‌وه‌ دروست كراوه‌، به‌ مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی ژنان و منداڵان، له‌وه‌ی كه‌ بتوانن له‌ به‌سه‌ربردنی كاته‌كانی ژیانیان هه‌ست به‌ دڵنیایی و پارێزراوی بكه‌ن.

ئه‌پی میامووچی له‌ ده‌ستنیشانكردنی شوێنی به‌كارهێنه‌ر، پشت به‌ سیستمی "GPS" ده‌به‌ستێت، ده‌توانرێ ده‌ستكاری رێكخستنه‌كه‌ی بكرێت، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ دووری شوێنه‌كانی كه‌ پێویسته‌ به‌كارهێنه‌ر ئاگه‌دارییان بێت، له‌ پێنج كیلۆمه‌تره‌وه‌ بۆ 100 مه‌تر كه‌م بكرێته‌وه‌، به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌سه‌كان خۆیان به‌ گونجاوی ده‌زانن.

ئه‌په‌كه‌ سه‌رجه‌م تاوانه‌ سێكسییه‌كان تۆمار ده‌كات و ئه‌و ناوچانه‌ی رووداوه‌كانی تێدا رووداوه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ به‌ ره‌نگی سوور دیاری ده‌كات و پێده‌چێت ببێته‌ یارمه‌تیده‌رێكی باش له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی تاوانه‌كانی ده‌ستدرێژی.

سه‌رچاوه‌/ سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی