لاهوور كوێی دێشێ؟

:: PM:02:53:29/12/2020 ‌
نووسینی/ هه‌وراز گه‌رمیانی

دوو رۆژه‌ میدیای لاهوور جه‌نگی كه‌وتوونه‌ته‌ جنێو و درۆهه‌ڵبه‌ستن له‌ دژی حكوومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆك بارزانی، وه‌ك ئه‌وه‌ی تیرۆرێكیان به‌ركه‌وتبێت و نه‌زانن له‌ كوێوه‌ تێیان گیراوه‌، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ماوه‌یه‌كه‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستان ئارامه‌ و شاندی حكوومه‌ت به‌ سه‌رۆكایه‌تیی قوباد تاڵه‌بانی ئامۆزای لاهوور له‌ به‌غدا بوون بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و درۆیانه‌ی كه‌ تاقمه‌ خۆفرۆشه‌كه‌ی كورد هه‌میشه‌ رای گشتییان پێ ده‌گه‌وجاند گوایه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم رێك ناكه‌وێت له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆیه‌ مووچه‌ی كوردستان نانێرن. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و پرسیاره‌ لای خه‌ڵكی كوردستان دروست بێت كه‌ بۆچی ئه‌م تاقمه‌ هه‌میشه‌ له‌و كاته‌ هه‌ستیارانه‌دا ئاڵۆزی دروست ده‌كه‌ن و خه‌ڵك ده‌خه‌نه‌وه‌ دڵه‌ڕاوكێوه‌؟ ئایا لاهوور و خۆفرۆشه‌كانی تر كوێیان دێشێ وا له‌ پڕ ژانه‌كه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و ده‌كه‌ونه‌ په‌لاماردان؟

جارێ ئه‌وه‌ روونه‌ كه‌ كێشه‌ی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا قووڵتره‌ و ته‌نیا مووچه‌ نییه‌، به‌ڵكو خۆی له‌ پرسی فیدراڵی، ماده‌ی 140، یاسای نه‌وت و غاز، پشتگوێخستنی ده‌ستوور، شایسته‌كانی پێشمه‌رگه‌ و دیدی نوێی شۆڤێنییه‌تی عه‌ره‌به‌ كه‌ سزای خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك كورد ده‌ده‌ن نه‌ك بابه‌ته‌كه‌ ئیداری بێت و ئه‌وانیش وه‌ك عه‌ره‌ب بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت.

ئینجا دێینه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی لاهوور كوێی دێشێ؟ 
ئه‌م گه‌نجه‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌ كه‌ فڕی به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ نییه‌ و له‌ باوانیشه‌وه‌ هیچی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ شه‌سته‌كانه‌وه‌ خه‌ریكی ململانێ بوون و له‌ كۆتاییدا لایه‌نی یه‌كڕیزییان گرته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌م به‌هه‌موو لایه‌كدا سه‌ر با ده‌دات و هه‌موو شكسته‌كانی خۆی به‌سه‌ر كورددا ساغ ده‌كاته‌وه‌ و دۆخی گشتیی ده‌شێونێ. ره‌نگه‌ تۆ بڵێی كام شكست؟

لێره‌دا دواین شكستی ده‌خه‌ینه‌ ڕوو كه‌ له‌ ریزبه‌ندی خیانه‌ته‌كانیدا له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌ر ریزیان ده‌كات و به‌ رووداوێكی تر له‌بیری خه‌ڵكی ده‌باته‌وه‌.

شكستی ئه‌مجاره‌ ئه‌نجامی ئه‌و سه‌ردانه‌ی بوو كه‌ بۆ به‌غدا كردی، ئه‌م گه‌نجه‌ كه‌ هه‌روا له‌ سیاسه‌ت تێگه‌یشتووه‌، وایزانی كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا به‌غدا بودجه‌ بۆ كوردستان ده‌نێرێت و ویستی وه‌ك هه‌میشه‌ سواری شه‌پۆل بێت و بیكات به‌ ده‌سكه‌وتی خۆی كه‌ ئه‌وه‌ دیداره‌كانی ئه‌و بووه‌ ناردنی مووچه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، كه‌مێك له‌ میدیاكانییه‌وه‌ ماركێتینگیان بۆ كرد بۆ ئه‌وه‌ی ده‌روونی خه‌ڵك ئاماده‌ بكه‌ن بۆ حاڵه‌تی رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا و بڵێن ئه‌وه‌ دوعاكانی شێخ سه‌ری گرت.

به‌ڵام كاتێك له‌ قوبادی ئامۆزای بیست كه‌ به‌غدا كورد وه‌ك دێو ده‌بینێت و جارێكی تر پاره‌ ناده‌ن، سێ شه‌و به‌ر له‌ ئێسته‌یش به‌ فه‌رمی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان به‌ فه‌رمی رای گه‌یاند كه‌ "ساڵێكی سه‌ختمان له‌پێشه‌". ئیتر ژانه‌كه‌ی لاهوور سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه‌ و تێگه‌یشت به‌م هه‌وڵه‌یشی نه‌یتوانی ببێت به‌ كه‌سایه‌تییه‌كی گشتیی و دوعاكانیشی قه‌بیل نه‌وی.

بۆیه‌، هه‌ر رۆژێك دواتر واته‌ یه‌كشه‌می رابردوو، له‌ سایتی "میله‌تفرۆش"ـه‌وه‌ تاقمه‌كه‌ی لاهوور كه‌وتنه‌ جنێودان و تۆمه‌تبه‌خشینه‌وه‌ بۆ پارتی و بارزانی و جكوومه‌تی هه‌رێم، بێ ئه‌وه‌ی هیچ كێشه‌یه‌كی سیاسیی له‌ نێوان یه‌كێتی و پارتی رووی دابێت. 

ئه‌مه‌ بۆ ده‌كه‌ن؟
ئه‌م تاقمه‌ وا پێده‌چێت هیچیان له‌ده‌ستی خۆیاندا نه‌مابێت و راسپێردرابن كه‌ به‌رده‌وام بن تا تێكدانی كوردستان یان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی قه‌واره‌كه‌ی، ئه‌مه‌یان خه‌ونێكی قووڵه‌ و وا زوو به‌ریان نادات، به‌ڵام له‌ تێكدانه‌كه‌دا هه‌میشه‌ كار ده‌كه‌ن و ده‌روونی خه‌ڵك ده‌شێوێنن تا ئه‌و ئاسته‌ی خواستی مرۆڤی كوردیان زۆر هێناوه‌ته‌ خواره‌وه‌. بۆیه‌ به‌دیاریكراوی له‌وكاتانه‌دا په‌لامار ده‌ده‌ن كه‌ هه‌ست به‌ ئارامی و ته‌بایی و كۆكیی خه‌ڵك له‌سه‌ر پرسێك بكه‌ن.

كه‌واته‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ی ده‌یفرۆشن، پێوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ماوه‌یه‌ك بوو بۆچوونێك له‌ كوردستان بوو به‌ رای گشتیی كه‌ چیتر هه‌رێم ئه‌وه‌نده‌ نه‌چێته‌ ژێر باری گوشاره‌كانی به‌غدا و له‌ گه‌شته‌ 10 رۆژییه‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانیش بۆ به‌غدا، خه‌ڵكی كوردستان تێگه‌یشت كه‌ عه‌ره‌بی ئێسته‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ به‌غدا، به‌چاوی ئه‌نفال سه‌یری كورد ده‌كه‌ن و بیركردنه‌وه‌كه‌ بۆ سزادانه‌ نه‌ك هیچ مه‌به‌ستێكی تر، چونكه‌ وه‌ك تاڵه‌بانی گوتی، هه‌رچی به‌غدا گوتویه‌تی ئه‌مان رازیبوونه‌، به‌ڵام هه‌ر وتویانه‌ پاره‌مان نییه‌ بیده‌ین به‌ هه‌رێم و ته‌نانه‌ت په‌شیمانن له‌ بوونی هه‌رێم. 

ئه‌م را گشتییه‌، پشتیوانییه‌كی به‌هێزه‌ بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌ دڵسۆزی و نیه‌تپاكی سه‌رۆكی حكوومه‌ت و جێگره‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ڵقووڵاوه‌ و بۆ گه‌لی خۆیان سه‌لماند هه‌رچی هه‌وڵه‌ له‌پێناو ژیانی ئه‌وان ده‌یگرنه‌ به‌ر، به‌ڵام به‌غدا به‌هیچ رازی نه‌بوو، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌م زانیارییانه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌رچاو خه‌ڵك خۆی ناوبژیوانه‌ و ده‌یبینێ كه‌ به‌غدای شكستخواردووترین وڵاتی گۆی زه‌وی، ده‌یه‌وێت ئه‌م گه‌شانه‌وه‌ی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی بوه‌ستێنێت و برسییان بكات.

بۆیه‌ شیعه‌ی عێراق له‌ رێگه‌ی ئه‌و خرۆفرۆشانه‌ی له‌ كوردستان كڕیویانن، دۆخه‌كه‌ بشێوێنن و بڵێن نا ئه‌وه‌ به‌غدا نییه‌ مووچه‌ نانێرێ، به‌ڵكو حكوومه‌تی هه‌رێمه‌ وه‌ریناگرێت. به‌ڵام هه‌رچی ده‌كه‌ن هه‌ر ماوه‌یه‌كه‌ و شكست دێنن و خه‌ڵك راستییه‌كه‌ ده‌بینێ، بۆیه‌ له‌ هیچدا ناگه‌ن به‌ ئامانج.

ئه‌ی شكستی یه‌كه‌م له‌ ریزبه‌ندییه‌كه‌دا چی بوو؟
هه‌روه‌ك بیرهێنانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی راستییه‌كان روون بن و ئاستی بینینی سیاسیی ئه‌و گرووپه‌ روون بێت، ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌وكاته‌ كه‌ركووكیان فرۆشت، به‌گوته‌ی خۆیان و ئاراس جه‌نگی و ئاڵا ئه‌سه‌دییه‌وه‌ ده‌ركه‌وت، دیاره‌ به‌غدا به‌ قسه‌ی خۆش و گه‌نجانه‌ فریوی دابوون كه‌ ئه‌و خاكه‌ ته‌سلیم بكه‌ن ئیتر مووچه‌ی سلێمانی ده‌نێرێن.

هه‌موومان ئه‌و شه‌وه‌مان بیره‌ كه‌ ئاڵا ئه‌سه‌دی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ ئێن ئاڕ تی وه‌ك ده‌سكه‌وت و به‌رهه‌می خیانه‌ته‌كه‌ خسته‌ ڕوو كه‌ ئیتر حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ پارێزگاكان مامه‌ڵه‌ ده‌كات و بودجه‌ی سلێمانی ده‌نێرێت و 10 هه‌زار كه‌سیشیان بۆ داده‌مه‌زرێنن.

ئاراسیش كه‌ لاهوور زیاتر له‌و ده‌چێ و موعجیبی یه‌كن، كه‌وته‌ سووكایه‌تیی به‌ كه‌ركووكییه‌كان و دڵی به‌وه‌ ده‌دانه‌وه‌ كه‌ ناوی پارێزگار له‌ گیرفانیه‌تی، به‌ڵام ده‌ركه‌وت هه‌موویان به‌ قسه‌ی گه‌نجانه‌ فریو دراون، چونكه‌ دواتر ده‌بوو به‌ مۆڵه‌تی حه‌شدی شه‌عبی بچنه‌ ناو كه‌ركووك.

ئێسته‌ به‌و كورته‌ باسه‌ تێده‌گه‌ن كه‌ نه‌بوونی ئه‌زموونی سیاسیی و هه‌ڵه‌شه‌یی چی به‌سه‌ر ئه‌م تاقمه‌دا هێناوه‌ و پێویستی به‌ روونكردنه‌وه‌ی زیاتر نابێ. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌مانه‌ شكسته‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن به‌ كاره‌ساتی جه‌ماعی و كێشه‌ی تر دروست ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌ شه‌كه‌ته‌كه‌ی كوردستان ماندووتر بكه‌ن.


وشە - تایبه‌ت