شوێنه‌وارێكی ده‌گمه‌ن و گرنگ له‌ هه‌ولێر دۆزرایه‌وه‌

:: PM:01:35:22/02/2017 ‌
بەنداوێكی سەردەمی ئاشورییەكان لە هەولێر دەدۆزرێتەوە و بەرپرسی كاروباری یاسای لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر دەڵێت بەنداوەكە لە بەستۆڕەیە و پێوەستە بە سەردەمی ئاشورییەكان، كاتی خۆی بە شێوەی كارێز لەو بەنداوە ئاویان هێناوە بۆ ناو قەڵاتی هەولێر .

دكتۆر كەیفی عەلی خۆشناو، بەرپرسی كاروباری یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ڕێگەی لیژنەیەكی پسپۆڕەوە توانیمان بەنداوێكی مێژوویی لە بەستۆڕە بدۆزینەوە كە هی سەردەمی "سەنحاریبە" پاشای ئاشوریەكانە، ئەو پاشایە كاری زۆری بۆ هەولێر كردوە.

ڕونیشی دەكاتەوە،ئاشوورییەکان لەو بەنداوە بە شێوەی كارێز ئاویان ڕاكێشراوە بۆ هەولێر و ناو قەڵاتی هەولێر و دواتر تێكەڵ بە ئاوی ڕووبار كراوەتەوە .

"ئێستا لە ڕێگەی تیمێكی تایبەتی سەر بە شوێنەواری هەولێرن هەوڵی پاككردنەوەی ئەو بەنداوە دەدرێت و بڕیارە لە داهاتوودا بكرێتە شوێنەوارێكی گەشتیاری، بۆ ئەو مەبەستەیش داوامان كردوە  بودجەی پێویست تەرخان بكرێت بۆ ئاوەدان كردنەوەی  و بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا لە ڕێگەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیەوە بەنداوەكە زیاتر بناسێنین"کەیفی عەلی وای گوت.

بەرپرسی كاروباری یاسایی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر ئاشکرای دەکات، بەنداوەكە لە چەند تاشە بەردی گەورە پێك هاتووە و لەسەر تاشە بەردێكی بەنداوەكە سەنحاریب پاشای ئاشوریەكان نوسیوویەتی "تەنیا بۆ ئەوەی خودای ئاشور لێم ڕازی بێت ئەو كارە دەكەم "

هێمن ڕەفیق


وشە - هیدایه‌ت جان