پەیج و ماڵپەڕە سێبەرەكانی سەر بە لاهوور جەنگی كە پاڵپشتی مادییان دەكات، بوونەتە هۆی دروستكردنی پشێوی و ئاژاوەنانەوە و بەكارهێنانیان بەشێوەیەكی خراپ و دوور لە كاری راستەقینەی خۆیان.
ئەو پەیج و سایتانەی كە لاهوور پشتیوانیان دەكات، وەك میللەت، ئاژانس، كۆباس، چاو، ژیان، پۆلەتیك و پەیجی پشتیوانانی لاهوور، بەردەوامن لە نانەوەی ئاژاوە و قسەی ناڕەوا و هێرشكردنە سەر حكوومەت و دامەزراوە حكوومییەكان.
بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و هۆكارەكانی پێوەندی، ئامانجەكانیان دوو سەرەیە
زیاد كاكە رەزا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و هۆكارەكانی پێوەندی، ئامانجەكانیان دوو سەرەیە، دەتوانرێ بە باشی بەكار بهێنرێن و دەتوانرێ بە خراپیش بەكار بهێنرێن، وەك چۆن ئێستە هەندێ پەیج و سایت بەئاراستەی خراپ بەكار دەهێنرێن.
ئەو گوتی، ئەو پەیج و سایتە سێبەرانە بەشێوەی خراپ بەكار دەهێنرێن و ئاراستە خراپەكەیان وەرگرتووە خزمەت ناكەن، كاریان بووەتە دروستكردنی ئاژاوە و پشێوی و تێكدانی تەناهی و دۆخەكە كە هیچ لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان نییە، كاریان بووەتە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست.
وەك زیاتر خستیەڕوو، "پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە بە دەم ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بووە، هەمیشە لە پێناو كورد و كوردستان و یەكگرتوویی هەرێمی كوردستان ئامادەیی قوربانیدان بووە، پێویستە لایەنەكانیش هەست بەو قوربانیدانە بكەن، چونكە قوربانیدانی ئێمەش سنووری خۆی هەیە و ناتوانین لەو سنوورە زیاتر بەردەوام بین."
پێویستە بگوترێ پێشتریش كۆمپانیای فەیسبووك بە سەدان پەیجی سێبەری سەر بە لاهووری لە ئەكاونتەكان سڕییەوە كە ئەو پاڵپشتی مادی دەكردن و بە دەیان هەزار دۆلاری تێدا خەرج دەكران.
وشە/ سلێمانی