رێژەی چەوری سیانی چۆن كار دەكاتە سەر تەندروستی دڵ؟

:: PM:07:28:30/12/2020 ‌

ئەگە كەسێكی كە چاودێری پەستانی خوێن و رێژەی كۆلیسترۆلی لەشت دەكەی، پێویستە چاودێری رێژەی چەوری سیانیش لە خوێنت بكەیت، چونكە رەنگە ببێتە هۆی زیادكردنی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ.
زیادبوونی ئەو چەورییە هەندێكجار نیشانەیە بۆ جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە
چەوری سیانی جۆرێكە لە چەوری خوێن و كاتێك خۆراك دەخۆیت، لەش كالۆری زیاد بۆ چەوری سیانی دەگۆڕێ و بەشێوەی خانەی چەوری ئەمبار دەكرێت، دوای ئەوە لە نێوان ژەمەكاندا لەش سوودی لێ دەبینێت بۆ دەستكەوتنی وزە، تێكڕای ئاسایی ئەو چەورییە كەمترە لە 150 میلیگرام بۆ هەر دیسیلیترێكە، بەڵام لە حاڵەتی نائاساییدا ئەو ژمارەیە بۆ سەرووی 500 ملگم/دیسل زیاد دەكات.

زیادبوونی ئەو جۆرە چەورییە دەبێتە هۆی رەقبوونی خوێنهێنەرەكان و ئەگەری روودانی سەكتەی مێشك و كێشەی دڵ زیاد دەكات، هەروەها نیشانەیەكە بۆ زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و وەستانی مێشك و لە نیشانەكانی قەڵەوی و شێوانی میتابۆلیسم و زیادی تیرەی ناوقەد و بەرزی پەستان و شەكرەی خوێن و كۆلیسترۆلی نائاساییە.

هەندێكجار زیادبوونی ئەو جۆرە چەورییە نیشانەیەكە بۆ جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە یان كەموكوڕی رژێنی دەرەقی یان نەخۆشی لە جگەر و گورچیلە یان نەخۆشی زكماكی، یان بریتییە لە كاریگەرییەكی لابەلای چەند جۆرە دەرمانێك وەك نەهێشتنی دووگیانبوون و میزپێكەرەكان.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل