سەردانی لاهوور بۆ لای كەسوكاری شەهیدانی خۆپێشاندانەكان هەڕەشەی بەدوای خۆیدا هێنا

:: AM:11:58:31/12/2020 ‌
بەپێی زانیارییەكان، كەسێك لە دژە تیرۆرەوە هەڕەشەی لە كەسوكاری شەهیدانی خۆپێشاندانەكانی ئەم مانگەی سنووری گەرمیان كردووە، ئەویش دوای سەردانێكی بێ بەرهەمی لاهوور جەنگی دێت بۆ دەڤەری گەرمیان.

ئەمڕۆ پێنجشەم 31ی كانوونی یەكەمی 2020، محەمەد شكور باوكی شڤان كە لە خۆپێشاندانەكانی كفری شەهید كرا، پاشتر سكاڵایان لەسەر لیوایەكی پێشمەرگە تۆمار كرد بۆ "وشە" گوتی، سكاڵایان نەكشاندووەتەوە و چاوەڕوانی دادگا دەكەن بڕیاری خۆی بدات بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانیان.

ئەو سكاڵاكەی لە دژی فەرماندەی لیوای 136ی هێزەكانی حەفتا تۆمار كردبوو، سەرباری سەردانی لاهوور جەنگی، بەڵام ئەو سكاڵاكەی نەكشاندبووەوە.

كەسێك بەناوی وەهاب كە لە دژە تیرۆرە، هەڕەشەی لە كەسوكاری یەكێك لە قوربانیانی خۆپێشاندان كردووە.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە چالاكییەكی مەدەنی دەستی كەوتووە، لەبەر پاراستنی ژیانی ناوی پارێزراوە، كەسێك بەناوی وەهاب كە لە دژە تیرۆرە، هەڕەشەی لە كەسوكاری یەكێك لە قوربانیانی خۆپێشاندان كردووە. 

كوشتنی ئاكۆ سەلمان كە ئەندامی پەكەكە بووە لە كفری، بەرپرسانی پەكەكەشی لە یەكێتی هێنابووە دەنگ، هاوكات كوشتنی سەربەست عوسمان لە دەربەندیخان كەسوكاری ئەو قوربانییەی لە یەكێتی نیگەران كردووە.

هەرچەند پێوەست بەو بابەتە "وشە" پێوەندی بە پۆلیسی گەرمیانەوە كرد، رەتیان كردەوە لەسەر هەڕەشەكردن لە كەسوكاری شەهیدانی خۆپێشاندانەكان سكاڵایان لەلا تۆمار كرابێ.

لەم  مانگەدا لەكاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەكانی گەرمیان و دەربەندیخان، سێ كەس كوژران و كەسوكاری كوژراوەكانیش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، تۆمەتبار دەكەن.

گەرمیان / سەبری هۆرینی



وشە - تایبه‌ت