لە ماوەی 20 رۆژدا زیاد لە 300 کەس لە سلێمانی گیراون

:: PM:02:15:22/02/2017 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئاشکرای دەکات، لە سەرەتای مانگی شوبات/فێبرایه‌رەوە تا ئێستە 417 حاڵەتی جۆراوجۆریان تۆمار کردوە و زیاد لە 300 کەسیشیان گرتووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 22ی شوبات/فێبرایەر، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلیمانی رووداوەکانی 20 رۆژی رابردووی بڵاو کردوەتەوە و تیایدا ئاماژە دراوە لەماوەی ئەو 20 رۆژەدا 301 هاووڵاتییان بە تۆمەتی جۆراوجۆر گرتووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە دراوە، لە ماوەی ڕۆژانی یەک تا 21ی شوبات/فێبرایه‌ر ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی چەندان چالاکیان ئەنجامداوە و لەو چالاکیانەدا ھێزەکانیان بەھانای 224 حاڵەتی جۆراوجۆرەوە چوون و ڕووبەڕووی 135 حاڵەتی شەڕکردنەوە چوون و توانیویانە دەست بەسەر ١٠ چەکی بێ مۆڵەتدا بگرن.

زیاتر روون کراوەتەوە، لە ماوەی 20 ڕۆژی ڕابردوودا 41 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی تۆمارکراوە و حەوت حاڵەتی جۆراوجۆری تریش لەو بەڕێوەبەرایەتییەدا تۆمار کراون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلیمانی دووپاتی دەکاتەوە، لە ماوەی ئەو 20 رۆژەی دواییدا توانراوە بەکۆی گشتی 301 تۆمەتبار بگیرێن و ڕادەستی یاسا بکرێن.


وشە - هیدایه‌ت جان