20 پیاو لەلایەن ژنەكانیانەوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر

:: AM:11:13:02/01/2021 ‌
سەرۆكی یەكێتی پیاوانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لە ساڵی 2020 لە هەرێمی كوردستان، 20 پیاو دەستدرێژیی سێكسی و دەروونییان كراوەتە سەر و حاڵەتەكانی توندوتیژی وەك خۆی ماوە.

ئەمڕۆ شەموو دووی كانوونی دووەم، بورهان فەرەج سەرۆكی یەكێتی پیاوانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بەپێی لیژنەی بەدواداچوون، لە ساڵی 2020دا لە سەرجەم لقەكان 553 سكاڵا لەلایەن پیاوان بۆ سەر ژنەكانیان تۆمار كراوە.

زیاتر گوتی، لەو ساڵەدا 91 حاڵەتی خۆكوشتنی پیاوان تۆمار كراوە و هەشت پیاو لەلایەن ژنەكانیانەوە بەهاوكاریی كەسانی تر كوژراون، 37 پیاو دەركراون و 52 پیاویش خیانەتی هاوسەرییان بەرانبەر كراوە و  11 كەیس لێیان دراوە.

باسی لەوەش كرد، 20 دەستدرێژیی سێكسی و دەروونی كراوەتە سەر پیاوان لەگەڵ چەندان حاڵەتی تری جۆراوجۆر.

لەبارەی مانەوەی بەرزی ئامارەكان بەو شێوەیە ڕوونی كردەوە، ساڵی 2019 لە هەرێمی كوردستان 551 حاڵەت هەبوو، لە 2020 بووەتە 553، هەرچەندە ئێمە توانامان كەم بووە بۆ بەدەمەوچوونی هەموو حاڵەتەكان بەهۆی تەنگژەی دارایی، بەڵام دەبێت چارەسەرێك بدۆزرێتەوە و ئەو دەستدرێژی و توندوتیژییانە كەم بكرێنەوە.



وشە - رامیار جەواد