لەناو گرتووخانەكانی عێراق چی دەگوزەرێت؟.. فرۆشتنی ئەندام و دەستدرێژی سێكسی

:: PM:10:14:02/01/2021 ‌

سەرچاوەیەكی تەناهی لە گرتووخانەی تاجی لە باكوری بەغدا ئاماژەی كرد كە دوو گیراوی سوننە لەژێر ئازاردان گیانیان لەدەست داوە، سەرۆكی ناوەندێكی بەدۆكیۆمێنتكردنی تاوانەكان حكوومەتی عێراق و هێزە تەناهییەكان بە دەستدرێژی سێكسی و ئازاردانی زیندانییەكان تۆمەتبار دەكات.
میلیشیاكان كۆنترۆڵی تەواوی گرتووخانەكانی حكوومەتیان كردووە
وەك لە زانیارییەكاندا هاتووە، ئەو دوو كەسەی گیانیان لەدەست داوە، ویسام عەواد فەهداوی، خەڵكی ئەنبار و ئەحمەد ئیبراهیم جبووری، خەڵكی مووسڵە، دوێنێ هەینی دوای ئەشكەنجەدانێكی زۆر و دواتر فەرامۆشكردن و چارەسەر نەكردنیان گیانیان لەدەست داوە.

عومەر فەرحان، بەڕێوەبەری سەنتەری عێراق بۆ دۆكیۆمێنتكردنی تاوانی جەنگ گوتی، لە گرتووخانەكانی حكوومەت ژمارەیەكی زۆری حاڵەتی ئازاردان هەیە، لەپاڵ بەكارهێنانی ئامراز و شێوازی نایاسایی ناچاركردنی گیراوان بۆ دداننان بە تاوانێك ئەنجامیان نەداوە، واتە ئەو گرتووخانانە بوونەتە ئامرازێك بۆ كوشتن و لەداردانی بەكۆمەڵ، تەنانەت گرتووخانەكان سادەترین پێویستی ژیانیان تیادا نییە و پێوەری نێودەوڵەتی گرتووخانەیان بەسەر جێبەجێ نابێت.  

زیاتر گوتی، میلیشیاكان كۆنترۆڵی تەواوی گرتووخانەكانی حكوومەتیان كردووە، ئەوەیش وای كردووە لە مانگی حوزەیران تا كانوونی یەكەمی 2020 لە گرتووخانەكانی حكوومەت 73 حاڵەتی گیانلەدەستدان هەبێت، لە گرتووخانەكانی ناسڕییە و تاجی و تكریت.  

فەرحان روونی كردەوە، لەناو ئەو گرتووخانانەدا ئەندامەكانی لەشی مرۆڤ بازرگانی پێوە دەكرێت و گیراوان قوربانییەكەن، جیا لەوە بەرپرسانی ئەو گرتووخانانە گیراوان بە پارە دەفرۆشنە گرووپە تیرۆریستییەكان بۆ بەكارهێنانیان لە ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی، هەروەها لەلایەن میلیشیا و هێزە تەناهییەكان دەستدرێژی سێكسیان دەكرێتە سەر، لەوكاتەی پێویستە بیانپارێزن.

ئەو بەڕێوەبەرەی سەنتەری دۆكیۆمێنتكردنی تاوانی جەنگ ئاشكرای كرد، بەڕێوەبەرایەتی گرتووخانەكان داوای پارە لە كەسوكاری گیراوان دەكەن بەرانبەر بە رێگەدان پێیان بۆ بینینی رۆڵەكانیان، جیا لەوە پارەیەكی زۆر لە خەڵك وەردەگرن بەرانبەر بە ئازادكردنی گیراوانیان و ئازادیان ناكەن، هەروەها دادگە پشت بە تۆمەتباركردنی بەتاڵ دەبەستێت بۆ سزادانی گیراوان بێ بوونی بەڵگە.

ئەو بەرپرسە لەوە زیاتری ئاشكرا كرد كە دادگا خۆی لەو كۆمەڵكوژییە بەكۆمەڵە بێدەنگ دەكات كە هەیە، جیا لە كوشتن لەسەر ناسنامە كە بۆ 2006 دەمانگەڕێنێتەوە، ئەوكاتەی لەسەر بنەمای تایفەیی كوشتن هەبووە، بۆیە زۆرێك لەو ئەو پێشێلكاریانە لەبەرچاو و بە بیستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكرێت، كە تا ئێستە بۆ رزگاركردنی ئەو گیراوانە هیچی نەكردووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل