هیندستان پێكوتەی ئاسترازێنكای پەسند كرد

:: AM:10:03:03/01/2021 ‌
هیندستان پێكوتەی ئاسترازێنكای پەسند كرد كە بە هاوكاری زانكۆی ئۆكسفۆرد بەرهەم هاتووە. ئەو وڵاتە بە رێكخستنی گەورەترین هەڵمەتی كوتان، دەیەوێ 300 ملیۆن كەس بكوتێت.

پاراكاش جاوادكار وەزیری راگەیاندنی هیندستان بڵاوی كردەوە، ئاسترازێنكایان پەسند كردووە و سێ پێكوتەی تر بەمزووانە پەسند دەكرێن كە یەكێكیان سپوتنیكی رووسیایە.

ئەو روونی كردووەتەوە، هیندستان دەبێتە تاكە وڵاتی دنیا كە بە یەكەوە بەتەمایە چوار پێكوتە لە دژی كۆرۆنا پەسند بكات. پێكوتەكەی ئاسترازێنكا هەر لە ئەوروپا بەرهەم ناهێنرێت، بەڵكو لە هیندستان دوای گەیشتنی مادە خاوە سەرەكییەكە بەرهەم دەهێنرێت، كۆمپانیای ئینستیتیوتی سێرۆمی هیندستان بەرهەمی دەهێنێت كە بە گەورەترین بەرهەمهێنەری پێكوتە لە دنیادا هەژمار دەكرێت.

ئەو كۆمپانیایە تا ئێستە 50 ملیۆن پێكوتەی ئاسترازێنكای لای خۆی هەڵگرتووە كە نرخی هەر كامێكیان 250 رووپیە یان سێ دۆلار و 42 سەنتە.

نرخی هەر كامێكیان 250 رووپیە یان سێ دۆلار و 42 سەنتە.
هیند لە دوای ئەمەریكا، زۆرترین تووشبووی كۆرۆنای هەیە و سەرووی 10 ملیۆن حاڵەتی لێ تۆمار كراوە، حكوومەت لە بەرنامەیدایە تا هەشت مانگی تر 300 ملیۆن كەس لە دانیشتووانی بكوتێت.

بەگوێرەی رادیۆ زەمانە، ژمارەی دانیشتووانی هیندستان سەرووی ملیارێك و 350 ملیۆن كەسە و لە دوای چین لە ریزبەندی دووەم دێت.

هیند بەتەمایە پێكوتەی جۆری فایزەریش بكڕێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە ئاسترازێنكا هەرزانترە، زیاتر پێشوازی لەو كردووە.


وشە - سلێمان تاشان