ماوەی حەوت مانگە گەنجێكی گەرمیان لەناو ریزەكانی پەكەكە بەبۆردمانی فڕۆكەی توركیا شەهید كراوە، كەچی پەكەكە تازە هەواڵ بەكەسوكاری دەدا و تا ئێستەیش تەرمی ئەو شەهیدە دیار نییە.
ئەمڕۆ چوارشەم 22ی شوبات/فێبرایەر، سەرچاوەیەك لە کەسوکاری شەهیدەکەی گەرمیان کە ناوی لای "وشە" پارێزراوە، رای گەیاند، دوای زیاد لە حەوت مانگ بێئاگایی لە کوڕەکەیان دۆینێ لەلایەن پەکەکەوە بانگ کراون و ئاگادار کراونەتەوە، كوڕەكەیان لە 19 / 7 / 2016 وە لە بە بۆردمانی فرۆِكەی توركیا لە ناوچەی شەمزینانی باكوری كوردستان شەهید كراوە.
كۆسار رەشید محەمەد، ناسراو بە "بۆتان" لەدایكبووی ساڵی 1994 ە و خەڵكی شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گهرمیانه و پەکەکە کەسوکاری ئەو گەنجە شەهیدەی ئاگادار کردوەتەوە تەرمی شەهید بۆتان نەماوە.ئەمڕۆ بەبێ گەڕانەوەی تەرمی کوڕە شەهیدەکەیان، کەسوکاری کۆسار لە شارۆكەی كەلار پرسەیان بۆداناوە.
" وشە" پەیوەندی بەعەلی محەمەد، بەرپرسی كۆمیتەی شەهیدانی باكوری كوردستانەوە کرد و ئەویش زانیاری شەهید بوونی ئەو گەریلایەی پشتڕاست کردەوە و راشی گەیاند، نازانین تەرمی سەهید بۆتان کەوتوەتە کوێوە و هیچ زانیارییەکمان لەبارەیەوە نییە.
سەباح مەحموود کە مناڵێکی خێزانەکەیان لەناو پەکەکەیە بۆ " وشە" ئاماژەی دا، ئەوەجاری یەكەم نییە پەكەكە هەواڵی كوشتنی رۆڵەكانی هەرێمی كوردستان درەنگ رادەگەیەنێ، لەکاتێكدا ئامێرەكانی پێوەندی زۆر سانا و خێرابووە .
ههروهها گوتی، پاراستنی تەرمی گەنجانی كورد لە ئەستۆی ئەو هێزەیە، بەڵام ئەوان گوێ بە هەست و ئازاری خەڵكی نادەن، لەبەر ئەوەی دواخستنی هەواڵی شەهیدبوونی گەنجێک بە کەسوکاری جۆرێکە لە سووکایەتیکردن و بەکەم سەیرکردنی کەسوکاری شەهیدەکە.
گەرمیان/ سەبری هۆرینی