ئێران لە بەغدا بێهیوا بووە و داوا لە حزبەکان دەکات پاڵەپەستۆ بخەنە سەر حکوومەت

:: PM:02:52:04/01/2021 ‌

 

عێراق لە کۆبوونەوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی درێژکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران بێلایەنی هەڵبژارد و ئەوەش کۆماری ئیسلامی ئێرانی تووڕە کردووە و داوا لە حزبە شیعەکان دەکات لێپێچینەوە لە حکوومەتی مستەفا کازمی بکەن.
عێراق لە بەرانبەر سزا ئابوورییەکان پاڵپشتی ئێرانی نەکرد .

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە گژ حکوومەتی عێراق دا دەچێتەوە و دەڵێ، تووڕەیی خۆمان لە بەرانبەر بێ هەڵوێستی بەغدا لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەرپرسانی ئەو وڵاتە راگەیاند.

لە دوا کۆبوونەوەی گرووپی پێنجەمی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری بەڕێوەبەری و دارایی، ئەمەریکا هەوڵی دا خاڵێک لە بودجەی 2021ی ئەو گرووپە زیاد بکات بۆ ئەوەی لیژنەیەکی پسپۆڕ دەستنیشان بکرێت بۆ دانانی سزا لەسەر تاران.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە چەند کەناڵی جیاوازەوە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا کردبوو بۆ ئەوەی دەنگی نەخێر بەو پڕۆژەیەی ئەمەریکا بدات، بەڵام لە رۆژی کۆبوونەوەکە عێراق بێهەڵوێستی خۆی راگەیاند، هەرچەند پڕۆژەکەی ئەمەریکا سەری نەگرت، بەڵام لە ناوخۆی ئێران لێدوانی توند بەرانبەر هەڵوێستەکەی عێراقەوە درا.
حکوومەتی عێراق دەیەوێ چەکی نایاسایی لە دەستی میلیشیاکان داماڵێ .

ئەمڕۆ دووشەم چواری کانوونی دووەم، سەعید خەتیبزادە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە فەرمی لەبارەی پاڵپشتی نەکردنەکەی عێراق لە وڵاتەکەی هاتە دەنگ و رای گەیاند، ئێمە توڕیی خۆمان بە سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیاند و ئەویش گوتی بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی دا، ئامانجی ئەمەریکا لە دانانی سەربازگەکانی لەناو خاکی وڵاتانی دراوسێ، لێدانە لە ئێمە و ئێستە ئەو هێزانە لەناو خاکی عێراقەوە دەیانهەوێ هێرشی سەربازیمان بکەنە سەر.

ئەو گوتەبێژە جارێکی تر کەیسی کوژرانی قاسم سلێمانی لەناو خاکی عێراق وروژاند و رای گەیاند، دەبێ عێراق هەڵوێستی خۆی لەو بارەیەوە روون بکاتەوە، کاتێک سەرۆکی وڵاتێک بە شانازییەوە باس لە کوژرانی فەرماندەیەکی ئێرانی لە پایتەختی عێراق دەکات، حکوومەتی عێراق هیچ کاردانەوەیەکی نییە.

دوێنێش فەرماندەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فارسنیوزی سەر بەو گروپە میلیشیایە داوای لە حزبە شیعەکانی عێراق کرد لە بەرانبەر ئەو بێهەڵوێستییەی حکوومەت لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بێدەنگ نەبن و پاڵەپەستۆ بخەنە سەر سەرۆک وەزیرانی عێراق.

ئاژانسی هەواڵی بی بی سی فارسی ئەو هەڵوێستەی نوێنەری عێراقی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە پەیامێک وەسف کردووە بۆ تاران و نووسیویەتی، عێراق بەو هەڵوێستەی تارانی ئاگەدار کردووەتەوە ئەگەر لەڕووی سەربازی و لە رێی میلیشیاکانەوە دەتوانن پشێوی بنێنەوە، لەڕووی سیاسیی و دیپلۆماسییەوە توانای ئەوەتان نییە ئیرادەی سیاسیی لە بەغدا وەربگرنەوە.
دەبێ بەغدا گەرەنتی بداتە نوێنەرایەتی وڵاتانی دنیا و لە میلیشیاکان بیانپارێزێ .

هاوکات لەگەڵ ئەو رووداوە، لە سەروبەندی ساڵوەگەڕی کوژرانی قاسم سلێمانی بەرپرسانی عێراق هۆشدارییان دایە ئێران و ئەمەریکا کە عێراق نەکەنە مەیدانی ململانێکانیان و حکوومەت رای گەیاند، بەم نزیکانە سەرجەم چەکە نایاساییەکان لە دەستی میلیشیاکانی بەغدا دادەماڵێت.

دەستبەجێ میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران ناڕەزایەتی خۆیان پێشان دا و رایان گەیاند، ئەوان بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین چەکەکانیان رادەستی سوپای عێراق بکەن، ئەو بڕیارەی عێراق دوای ئەوە بوو کە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ئێران لە رێی هێزی قودسی سوپای پاسداران کۆمەڵێک چەک و موشەکی رادەستی میلیشیاکانی عێراق کردووە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، حکوومەت دەیەوێ چەکی نایاسایی لە عێراق نەهێڵێت و دووپاتی لەوەش کردەوە، دوای هێرشە موشەکییەکانی سەر باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە نوێنەرایەتی و باڵوێزخانەی وڵاتان لە عێراق بپارێزرێن.

ئێستا ئێران لە بەغدا بێ هیوا بووە و دەیەوێ لەڕێی حزبە شیعەکان فشار بخاتە سەر کازمی بۆ ئەوەی لەو بڕیارەی پاشگەز بێتەوە، بەڵام پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارە عێراق رووبەڕووی دووڕیانێک دەکاتەوە، یان ئەوەی بەرەو وڵاتێکی میلیشیایی و چەند دەستەیی بڕوات و لە کیانێکی سیاسیی و دیپلۆماسی دوور بکەوێتەوە، یان چاکسازییەک لە ناوخۆدا بکات و گرەنتی پاراستنی نوێنەرایەتی وڵاتانی دنیا بدات و رێگە نەدات ئاسایشیان بکەوێتە مەترسییەوە.

 



وشە - هیدایه‌ت جان