بڕینی دار و درەخت لە شارەدێی سۆران بووەتە دیاردە، ئەمەش ناڕەزایەتیی لێ كەوتووەتەوە و توێژەكانی ئەو شارەی تووڕە كردووە.
بەهۆی ئەو تەنگەژە دارایییەی كە باڵی بەسەر هەرێمی كوردستاندا كێشاوە، لە دەڤەری سۆران لە ئەنجامی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، بەهۆی دواكەوتنی نەوتی ماڵان، خەڵێكی زۆر روویان كردووەتە بڕینی دار و درەخت و لەباربردنی سروشتی كوردستان. ئەمەش وای كرد، پێش نێوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم، هاووڵاتییان و ژینگەدۆستانی سۆران بە سەرپەرشتی رێكخراوی "وار" بۆ پاراستنی ژینگە، لە بەردەم قایمقامیەتیی شارۆكەكە، گردبوونەوەیەكی ناڕەزایییان ئەنجام دا و لە گردبوونەوەكەدا یاداشتێكی ناڕەزایییان ئاراستەی قایمقامیەتییەكانی سۆران، چۆمان، رواندز و مێرگەسۆر كرد.
هەژار ئێدلبی سەرۆكی رێكخروای "وار" بۆ پاراستنی ژینگە بە "وشە"ی راگەیاند: ئێمە وەك ستاف و ئەندامانی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە و كۆمەڵێك چالاكوانی مەدەنی و مامۆستا و قوتابی و ژینگەدوستی دەڤەری سۆران، لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و وەك وەفایەك بۆ خوێنی پاكی ئەو شەهیدانەی كە ئەمڕۆ زۆربەی دارودەختەكانی كوردستان بە خوێنیان ئاو دراوە، گردبوونەوەیەكمان دژی بڕینی دار و درەخت لە بەردەم قایمقامیەتی شارۆكەی سۆران ئەنجام دا.
زیاتر گوتی: دار و درەختەكان بە سەرچاوەیەكی گرنگی كەرەستە خاوەكان و زۆربەی پیشەسازییە دەستی و فۆلكلۆرییەكان و خانووبەرە دروستكردنی كەلوپەلی ناوماڵدا دەنرێن، بەڵام بەداخەوە زۆرجار ئەم سامانە گرنگە بەرشاڵاوی بڕینەوە و سووتاندنی بەرنامە دەبێت و لە ماوەیەكی كەمدا بەهەزارەها دۆنمی لێ دەفەوتێنرێت، هەروەك لە كوردستان بەگشتی و دەڤەری سۆران بەتایبەتی بووەتە دیاردە، لەكاتێكدا ئەم دارستانانە دەبێتە شوێنی ڕاكێشانی گەشتیاران و بەخشینی جوانی و ژینگەیی تەندروست بۆ هاووڵاتییان و پاراستنی ژیانی ئاژەڵان لەو ناوچانەدا، دارستانەكان بە یەكێك لە ڕەگەزە سروشتییەكان دادەنرێت كە پێوەندییەكی پتەوی بەپاراستن و ڕاگرتنی هاوسەنگی ژینگەیی هەیە لە دنیادا و بە یەكێك لە فاكتەرە گەشتوگوزارییەكاندا دادەنرێت لە دامەزراندن و پێشخستنی گەشتوگوزار لە هەر ناوچەیەكدا بێت.
سۆران/ موڕشید برادۆستی