ئه‌مین محه‌مه‌د شاعیر و نووسه‌ر كه له بواری شیعری منداڵاندا هه‌وڵی باشی هه‌بووه. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا به پوختی ده‌چێته ناو دنیای منداڵان و شیعری منداڵان شه‌نوكه‌و ده‌كات. ئه‌و نووسه‌ره پێی وایه كوردیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ری، خاوه‌نی شیعری تایبه‌ت به منداڵانی خۆیه‌تی.
تایبه‌تمه‌ندیی شیعری منداڵان چییه و ده‌بێ چۆن بۆیان بنووسرێت؟
بێگومان ئه‌ده‌بیاتی منداڵان به‌گشتی و شیعر به‌تایبه‌تی، كۆمه‌ڵێك مه‌رج و تایبه‌تمه‌ندیی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، به‌واتایه‌كی تر شیعری تایبه‌ت به‌منداڵ، له‌سه‌ر چه‌ند پایه‌یه‌ك ڕاوه‌ستاوه، به‌ئاماده‌نه‌بوونی هه‌ر دانه‌یه‌كیان، شیعره‌كه هه‌ره‌س ده‌هێنێ و نه‌ك هه‌ر سوود و چێژ نابه‌خشێت به‌منداڵ، به‌ڵكو زیانی گه‌وره‌شی پێ ده‌گه‌یه‌نێت. له‌به‌رئه‌م هۆكاره باشتر وایه شاعیران و نووسه‌رانی بواره‌كه، زۆر به وردی و به‌ئاگاییه‌وه مامه‌ڵه و هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه بكه‌ن به له‌به‌ر چاوگرتن و پێڕه‌وكردنی سه‌رجه‌م ئه‌و مه‌رجه بنه‌ڕه‌تییانه‌ی پێویستن بۆ شیعری منداڵان و وه‌ك پایه‌یه‌كی پته‌و شیعره‌كه‌یان ڕاگرتووه. بێگومان وه‌ك ده‌زانین مه‌رج و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شیعری منداڵان زۆرن، به‌ڵام گرنگترین و دیارترینیان ئه‌مانه‌ن:
(1) به‌زمانێكی ساده و بێ گرێ و گۆل و پاراو بنووسرێت.
(2) وشه‌كانی سه‌ر به‌فه‌رهه‌نگی منداڵ بن، واتا شیعره‌كه وشه‌ی ئاڵۆز و دوو واتا و تانه و ته‌شه‌ری تێدا نه‌بێت.
(3) قۆناخه‌كانی ته‌مه‌نی منداڵ ڕه‌چاو بكرێت، واتا شاعیر بزانێ ئه‌و شیعره بۆ كام قۆناغ ده‌نووسێت، چونكه به‌پێی قۆناغه‌كان، وشه و زاراوه و ده‌سته‌واژه و بابه‌تی شیعره‌كه جیاوازه و ده‌گۆڕێت، تا بۆ قۆناخی كه‌متر بێت، شیعره‌كه كورتتر و ساده‌تر بێت باشتره.
(4) باشتره شیعره‌كه چیرۆكئامێز بێت، واتا ته‌نیا سه‌روا ڕیزكردن و به‌زۆر ڕێكخستن نه‌بێت، تاپهیامێكی باش و گونجاو به‌ئاسانی بگه‌یه‌نێت به‌منداڵ.
(5) زۆر باشتر و گونجاوتره ئه‌گه‌ر شاعیر بۆچوونی تایبه‌تی خۆی نه‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر منداڵدا و ئامۆژگاری ڕاسته‌وخۆی نه‌كات، به‌ڵكو ماوه‌ی بدات منداڵ خۆی ئازادانه هه‌ڵسوكه‌وت بكات و بڕیار بدات. چونكه ئه‌ركی شاعیر بریتییه له ئاراسته‌كردنی منداڵ به‌ره‌و ڕه‌وشتبه‌رزی و ئاكاره باشه‌كان و هانیان بدات هه‌میشه چاكه‌خواز و ژینگه‌پارێز و مرۆڤدۆست بن و دووربن له خۆپه‌رستی و شه‌ڕه‌نگێزی و نه‌ژادپه‌رستی.
(6) شیعری سه‌ركه‌وتوو ئه‌و جۆره شیعرانه‌ن كه كورت و پوخت بن و ریتم و ئاوازی جوان و خۆش و پڕ جۆشی منداڵانه‌ی تێدایه، شیعری جوان و سه‌ركه‌وتوو هه‌میشه وێنه‌یه‌كی ناوازه‌ی وا له هه‌ستی منداڵدا ده‌چه‌سپێنێت به‌ئاسانی له بیری ناچێته‌وه، به‌واتایه‌كی تر له شیعره‌كه‌دا ڕووداوێكی خۆش و سه‌رنجڕاكێشی به‌وشه‌ی ناسك و ساده و ئاسان بۆ گێڕابێته‌وه، هه‌ر ئه‌م جۆره شیعرانه‌ن وا له منداڵ ده‌كه‌ن هه‌میشه حه‌ز به‌خوێندنه‌وه‌ی بكات و لێی دوور نه‌كه‌وێته‌وه.
پرسیار: شیعری منداڵانی كورد، له ڕابردوودا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شیعری منداڵان بده‌ینه‌وه، ده‌بینین هه‌ر له سه‌ره‌تای دروستبوونی قوتابخانه و وازهێنان له حوجره، شیعری منداڵ بوو به‌پێداویستی ئه‌و سه‌رده‌مه، چونكه له سه‌ره‌تای خوێندنی حوجره‌دا، پرۆگرام ده‌قی قورئانی پیرۆز و فه‌رمووده بوو، له قۆناغی كۆتایی خوێندندا گوڵستانیان ده‌خوێند، ئه‌ویش شیعر بوو بۆ گه‌وره‌ساڵان، به‌ڵام كه قوتابخانه دامه‌زرا و قوتابیان ڕوویان تێكرد، ئیتر شیعری منداڵان بوو به‌پێویستی بۆ ناو پرۆگرامی خوێندن.
سه‌ره‌تا شیعر و سروودی توركی و عه‌ره‌بی و فارسیی وه‌رگێڕاویان داده‌نا، به‌ڵام به‌هۆی دروستبوونی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و ئازادیخوازییه‌وه، شاعیرانی كورد هه‌وڵیان دا شیعر و سروودی كوردی بنووسن و به‌قوتابیانی بڵێنه‌وه، وه‌ك ده‌بینین سه‌ره‌تا زیاتر ئه‌و مامۆستایانه‌ی كه له قوتابخانه‌كان وانه‌یان ده‌گوته‌وه، شاعیری گه‌وره‌ساڵان بوون و به‌م كاره هه‌ستان و جێده‌ستیان دیاره، وه‌ك مامۆستایان (زێوه‌ر و بێكه‌س و گۆران) و چه‌ند مامۆستایه‌كی تر، ئه‌وه‌ش بوو به‌بناغه‌یه‌كی باش بۆ دروستبوون و بنیاتنانی شیعر و ئه‌ده‌بیاتی منداڵان، دوای ئه‌وانیش چه‌ندان شاعیر و نووسه‌ری دڵسۆز و به‌توانا هه‌وڵی بێ‌وچانیان داوه، بۆیه ده‌توانین بڵێین له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و به‌ڕێزانه هه‌وڵی رژد دراوه و تا ئاستێك بووینه‌ته خاوه‌ن ئه‌ده‌بیاتێكی باش و ده‌وڵه‌مه‌ند له ڕابردوودا.
ئایا ئێسته شیعری منداڵانی كورد چۆن ده‌بینی، پێت وایه هه‌نگاوی باشی ناوه؟
ئێسته كۆمه‌ڵێك شاعیری تا ئاستێك باش و گورج و گۆڵ، خۆبه‌خشانه له بواره‌كه‌دا كار ده‌كه‌ن بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌ده‌بیاتی منداڵان به‌گشتی و شیعر به‌تایبه‌تی، هه‌رچه‌نده به ته‌واوی له ئاست خواست و ئاواتی ئێمه و منداڵاندا نین، به‌ڵام هێنده‌ی پێیان كراوه، تا ئاستێكی باش شیعری منداڵانیان له چه‌قبه‌ستوویی ده‌رباز كردووه، بۆیه ئێسته ده‌توانین بڵێین ئێمه‌ش وه‌ك نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌رمان خاوه‌نی شیعری تایبه‌ت به منداڵانین و بناغه‌یه‌كی باش دانراوه، به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی له داهاتوودا كۆشكێكی بڵند و پته‌و له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه دروست بكرێ و خه‌ون و خۆزگه‌كانی منداڵانی نیشتمانه‌كه‌مان بهێننه‌دی.
به‌بۆچوونی من ئه‌گه‌ر به‌ویژدانه‌وه به‌راوردێك له نێوان شیعری منداڵانی خۆمان و وڵاتانی ده‌وروبه‌رماندا بكه‌ین، ئێمه‌ش له ئاستی ئه‌وانداین و له‌وان دواكه‌وتووتر نین، به‌تایبه‌ت له بواری شیعردا، نه‌ك ژانره‌كانی تری وه‌ك چیرۆك و ڕۆمان و ئۆپه‌رێت و ده‌قی شانۆیی. بۆیه من خۆزگه ده‌خوازم نووسه‌رانی كورد ئه‌وانه‌ی تایبه‌تمه‌ندن له‌بواری ئه‌ده‌بیاتی منداڵاندا و توانایان هه‌یه، زیاتر گرنگی به‌نووسینی چیرۆك و ڕۆمان و ئۆپه‌رێت و ده‌قی شانۆیی بده‌ن، چونكه له‌وڕووه‌وه زۆر هه‌ژارین و هه‌نگاوی زۆر كه‌م و سه‌ره‌تایی نراون به‌تایبه‌تی ڕۆمان بۆ مێرمنداڵ.
به‌بیر و ڕوانینی تۆ ده‌بێ شیعری منداڵان چۆن بێت له‌ڕووی ڕووخسار و ناوه‌ڕۆكه‌وه؟
وه‌ك ده‌زانین شیعری منداڵان چه‌ند مه‌رج و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی خۆی هه‌یه، جا چ له‌ڕووی ڕووخساره‌وه بێت یان ناوهڕۆك، له‌باره‌ی ڕووخساره‌وه باشتر وایه تا ده‌كرێ شیعره‌كه كورت و پوخت بێ و وشه‌ی ناڕێك و سواوی تێدا نه‌بێت و شاعیر خۆی له وشه‌ی دووباره و ده‌سته‌واژه‌ی ئاڵۆز و وشه‌ی دوو واتا و تانه و ته‌شه‌ر لێدان بپارێزێت. قۆناغبه‌ندی ڕه‌چاو بكرێ و شاعیر به‌ته‌واوی بزانێت ئه‌و شیعره‌ی بۆ كام ئاست و ته‌مه‌ن ده‌نووسێت. به‌ڵام له‌ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه باشتر وایه بابه‌ته‌كه زۆر منداڵانه بێ و هه‌ڵقوڵاوی ژیان و ناخی منداڵ خۆی بێت. گونجاو بێت له‌گه‌ڵ حه‌ز و خۆزگه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی زۆر حه‌ز به‌خوێندنه‌وه‌ی بكات و چێژی لێوه‌ر بگرێت.
باشتر وایه نووسه‌ر تا بۆی ده‌كرێ خۆی له بابه‌تی نه‌شیاو، تانه و ته‌شه‌ر، توندوتیژی، ڕه‌گه‌زپه‌رستی بپارێزێ و ڕێنوێنیی منداڵ بكات بۆ ئاشتیخوازی و پێوه‌ستبوون بهمرۆڤدۆستی و ژینگه‌پارێزی و ڕه‌وشتی به‌رز و جوان. نووسه‌ر ده‌بێت ئاگای له یه‌كێتی بابه‌ت بێت، واتا له‌یه‌ك شیعردا باسی چه‌ند بابه‌ت و ڕووداو نه‌كات، تا منداڵ به‌باشی لێی تێبگات و سوودی لێ وه‌ربگرێت. چونكه تێكه‌ڵكردنی چه‌ند بابه‌ت و ڕووداو له‌یه‌ك شیعردا، خه‌یاڵ و بیری منداڵ ده‌پچڕێنێت و تووشی سه‌رلێشێواوی ده‌كات و به‌پێی پێویست سه‌ری لێ ده‌رناكات و سوودی لێ نابینێت.
نووسه‌ر زۆر سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت ئه‌گه‌ر شیعره‌كه‌ی پشت به‌فه‌نتازیا ببه‌ستێ و به‌وردی چنراو بێت و به‌وشه، وێنه و تابلۆیه‌كی ناوازه بۆ منداڵ دروست بكات، به‌وكاره‌ی له‌لایه‌كه‌وه بیر و خه‌یاڵی منداڵه‌كه فراوان ده‌كات و له‌لایه‌كی تره‌وه منداڵه‌كه چه‌شه‌ی خوێندنه‌وه ده‌بێت.
ئامادەكردنی: ڕۆسته‌م خامۆش