"دادگەییكردنی باسیمە دەروێش بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەریی دەسەلمێنێت"

:: PM:05:58:22/02/2017 ‌
لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بەیاننامەیەكی لەبارەی تۆمەتبار (باسیمە دەروێش) كە بەپێی ماددە سێ بڕگەی حەوت لە یاسای دژە تیرۆری ساڵی 2006 گیرابوو، بڵاو كردەوە و دووپاتی كردەوە كە دادگەییكردنەكە بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەریی دەسەلمێنێت. 

لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە سەبارەت بە كەیسەكە كە ئەمە دەقەیەكەتی:

رۆژی سێشەم رێكەوتی 21/2/2017 لە دادگەی تاوان/٢ ی هەولێر پڕۆسەی دادگەییكردنی تۆمەتبار (باسیمە دەروێش) كە بەپێی ماددە سێی بڕگە حەوتی یاسای دژە تیرۆر ساڵی 2006 گیرابوو، دادگەكە بە سەرۆكایەتیی دادوەر فازل عەباس و ئەندامیەتیی دادوەران زرار هەركی و دادیار حەمید بەڕێوە چوو، پاش وەرگرتنی ئیفادەكان لە تۆمەتبار، دادگە هەڵسا بە دانانی ماددەی دوو بڕگەی هەشت كە بریتییە لە داپۆشینی تاوان (تستر) لە جیاتی ماددەی سێ بڕگەی حەوتی یاسای دژە تیرۆر كە بریتییە لە هەبوونی پێوەندی بە گرووپە تیرۆریستییەكانەوە.

 جێگری داواكاری گشتی داوای كرد كە ناوبراو ئازاد بكرێت، بەپێی ماددەی دوو بڕگەی (ج) لە یاسای بنەماكانی دادگایی سزای عێراقی ژمارە 23ی ساڵی 1971، پاش گفتوگۆی سەرۆك و ئەندامانی دادگەكە و لەبەر نەبوونی بەڵگەی تەواو لەسەر تاوانی ناوبراو، بڕیار درا بە ئازادكردنی (باسیمە دەروێش) و بڕیارەكەش قابیلی تەمیزە لە دادگەی تەمیز لە ماوەی 30 رۆژدا، پاش پەسەندكردنی لە دادگەی تەمیز بڕیارەكە پلەی تەواو وەردەگرێت و تاوانبار ئازاد دەكرێت، بەڵام ئەگەر دادگەی تەمیز بە پێچەوانەوە بڕیاری دادگەی تاوانی پەسەند نەكرد، ئەوا ناوبراو سزا دەدرێت بەپێی یاسا، بۆیە تا دادگەی تەمیز بڕیاری كۆتایی خۆی دەدات ناوبراو لە دەمێنێتەوە لە بنكەی چاكسازی.

لە كاتی مانەوەی لە بنكەكانی گرتن و گواستنەوە، (باسیمە دەروێش) هەموو مافێكی یاسایی هەبوو، دیارە پرۆسەی دادگاییكردن لە هەر سیستەمێكی یاسایی لە هەر وڵاتێكدا بێت قورسە و كاتی زۆری دەوێ، بە تایبەتی ئەگەر هاتوو كەیسەكان پێوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەبێت، سیستەمی یاسایی هەرێمی كوردستان چەند رێوشوێن و رێكاری یاسایی هەن پێویستە كە پەیڕەو بكرێن لە كاتی یەكلاكردنەوەی كەیسەكاندا، بۆیە لایەنە پێوەندیدارەكان وەك هەر گیراوێك مامەڵەیان لەگەڵ كەیسی  (باسیمە دەروێش)دا  كردووە و هەموو مافێكی یاسایی پێ بەخشراوە بەپێی یاسا وەك دابینكردنی پارێزەر و رێگەدان بە سەردانی كەسوكاری، هەروەها رێكخراوە مرۆییەكانیش بە بەردەوامی سەردانیان كردووە و بەدواداچوونی وردیان بۆ ئەم كەیسە كردووە.

سیستمی یاسایی لە كوردستان رێرەوی خۆی گرتووە و دەسەڵاتی دادوەری بێلایەنە و پابەندە بە جێبەجێكردنی یاسا و پاراستنی پرنسیپەكانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، هەرچەندە كەیسی (باسیمە دەروێش) لەلایەن چەند ریكخراوێك زیاتر لە قەبارەی خۆی گەورە كرابوو، بەڵام دامودەزگە پێوەندیدارەكان رێگەخۆشكەر بوونە بۆ ئەوەی مافی یاسایی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەدات و بەبێ جیاوازی مسۆگەر بكەن.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم