نەوەی نوێ هەڵدەوەرێت و سەدان ئەندامی وازیان هێنا

:: PM:03:50:07/01/2021 ‌

ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ و چەندان ئەندام و لایەنگری جووڵانەوەكە لە سلێمانی وازهێنانی خۆیان لە جووڵانەوەكە راگەیاند و باس لەوە دەكەن نەوەی نوێ پڕە لە كوتلە و كوتلەكاری و باڵباڵێن و چەندان كەس هێنراونەتە پێشەوە، كە هیچ مافێكیان نییە و دەنگی پێویستیان نەهێناوە.
دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵ واتا كۆتاهاتنی نەوەی نوێیە
نوێنەری ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ رایان گەیاند، جوڵانەوەكە خۆبەخش بوو و ماوەی سێ ساڵە بەردەوامین، بەڵام كەسانێكی بەرژەوەندخواز و هەڵپەرست لە شوێنی ئەوان لە ئەنجوومەنی باڵا دانراون، ئەوانیش بڕیاریان داوە واز لە جووڵانەوەكە بێنن و دەستیان لە كار كێشاوەتەوە.

مامۆستا سەركاو بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، لە تەواوی ناوچەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە شارۆكە و شارەدێكان وازیان لە نەوەی نوێ هێناوە، گەندەڵی و قۆرخكارییەكی زۆر لە ناو نەوەی نوێدا هەیە و ئەندام هەیە هیچ دەنگێكی نەهێناوە بۆ ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ، كەچی خراوەتە شوێنی كەسانێك سەروو 150 دەنگی كۆنگرەیان هێناوە.

زیاتر گوتی، بەشێك لە رێكخەر و ئەندامی ئۆفێسەكانی وەك كەلار و رزگاری و هەڵەبجە و دوكان و پێنجوێن و چەمچەماڵ و دەربەندیخان و خورماڵ و هەولێر و كەركووك، وازیان لە جووڵانەوەكە هێناوە و دووپاتی كردەوە، دەستلەكاركێشانەوەی ئەو كۆمەڵە هاووڵاتییە واتا كۆتاهاتنی نەوەی نوێیە.

شایەنی باسە پێشتریش لە چەندان ناوچە ئەندامانی نەوەی نوێ وازهێنانی خۆیان لە جووڵانەوەكە راگەیاندووە و هۆكارەكەیشی بۆ قۆرخكاریی شاسوار عەبدولواحید، وەك سەرۆكی جووڵانەوەكە دەگەڕێننەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل