بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئاگەداری مامۆستایان دەكاتەوە كە تا بەیانی لیستی ناوی مامۆستایانیان بۆ رەوانە بكەن، بەمەبەستی ئاڕاستەكردنی بۆ گەنجینەی حكوومەت بۆ خەرجكردنی بڕی پارەی هاندانی مامۆستایان.
ئەمڕۆ چوارشەم لە ئاگەدارییەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی هاتووە، ئاگەداری بەڕێوەبەری پەروەردەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان دەكەین كە ڕۆژی ٢٣/٢/٢٠١٧ لیستەكانی تایبەت بە هاندانی مامۆستایان تەواو بكەن و ڕەوانەی گەنجینەی بكەن بۆ خەرجكردنی، لەبەر ئەوەی پارەی پێویست ئامادەیە بۆ خەرجكردن.
لە ئاگادارییەكەدا هاتووە، بەپێی ڕێنماییەكی وەزارەتی دارایی كە ڕۆژی 16ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە دەڵێت، بڕیار دراوە بە خەرجكردنی بڕی 150 هەزار دینار بۆ بەڕێوەبەر و مامۆستایان و توێژەرانی كۆمەڵایەتی قوتابخانەكان كە لە دەرەوەی سەنتەری شار دەوام دەكەن، هەروەها بۆ مامۆستایانی ناو شار بڕیار دراوە بە خەرجكردنی 100 هەزار دینار.
ساڵانە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕێك پارە بۆ مامۆستایان خەرج دەكات بەمەبەستی هاندانی مامۆستایان بۆ چوونە قوتابخانەكانیان كە ئەو بڕە پارەیەش بە هاندان و گواستنەوە ناسراوە، بەڵام بەهۆی تەنگەژەی ئابووری ئەو بڕە پارەیە تاوەكو ئێستە دابەش نەكراوە.