لە دهۆك وەرگرتنی پارەی زبڵی ماڵان كێشە دەنێتەوە

:: PM:07:01:22/02/2017 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بە نووسراوێكی فەرمی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاگەدار دەكاتەوە كە ئەگەر لە بڕیارەكەی لەبارەی وەرگرتنی پارەی زبڵی ماڵان پاشكەز نەبێتەوە ئەوە سكاڵای لەسەر تومار دەكات.

دیندار عەبدی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، دوای ئەوەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیارێكی لەبارەی وەرگرتنی پارە لە بری لابردنی پاشماوە و زبڵی ماڵان دەركرد، وەك ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك و كەسێكی زۆرلێكراو ئەو شتە بە نایاسایی دەبینم و پێویستە هەرچی زووە وەزیر لە بڕیارەكەی پاشكەز بێتەوە، چونكە بە هیچ شێوەیەك ئەو بڕیارە یاسایی نییە.

زیاتر گوتی، ئەگەر لە ماوەی 15 رۆژدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بڕیارەكەی پاشگەز نەبێتەوە، ئەوا لە دادگە سكاڵای لەسەر تومار دەكەم.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە رێكەوتی 16ی كانوونی دووەمی 2017 بە بڕیاری ژمارە 288 برگەی دوو، بڕیاری دا كە لە بەرامبەر لابردنی پاشماوە و زبڵی ماڵان بڕی سێ بۆ پێنج هەزار دینار وەربگرێت.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل