له هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ساڵی نوێ پێچه‌وانه‌ی ساڵی 2020 كه نرخی زێڕ گه‌وره‌ترین به‌رزبوونه‌وه‌ی له 10 ساڵی ڕابردوو تۆمار كرد، ئه‌مڕۆ نرخه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی.
ئه‌مڕۆ شه‌موو نۆی كانوونی دووه‌م، دیار فه‌رهاد باڵه‌كی بریكاری زێڕنگری سه‌رباز به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، نرخی زێڕ ماوه‌ی دوو مانگه دانه‌به‌زیوه و ڕۆژانه ڕووی له به‌رزبوونه‌وه كردووه، كڕین و فرۆشتنیش له بازاڕدا جووڵه‌ی تێكه‌وتبوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه بووه‌وه.
زیاتر گوتی، له ماوه‌ی 24 سه‌عاتی ڕابردوودا له عێراق و هه‌رێمی كوردستان، بۆ هه‌ر مسقاڵێك زێڕی عه‌یار 21 له نرخه‌كه‌ی 15 هه‌زار دیناری عێراقی دابه‌زیوه.
ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، ئه‌مڕۆ یه‌ك لیره‌ی ڕه‌شادی عه‌یار 21 به 533 هه‌زار دیناری عێراقییه، شایانی باسه له ماوه‌ی 24 سه‌عاتی ڕابردووه‌وه نرخی یه‌ك لیره 22 هه‌زار دینار له مسقاڵێك دابه‌زیوه.
ئاشكرای كرد، ڕۆژی پێنجشه‌م ئۆنسه‌ی زێڕ به هه‌زار و 920 داخرا، ئه‌مڕۆ به شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو دابه‌زیوه بۆ هه‌زار و 848 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به رێژه‌ی 3.38%، واتا ته‌نیا له یه‌ك ڕۆژدا نزیكه‌ی 78 دۆلاری له‌ده‌ست دا. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له ماوه‌ی 24 سه‌عاتی ڕابردوو نرخی دۆلاری ئه‌مه‌ریكیش به‌رانبه‌ر دیناری عێراقی له بازاڕه‌كان هه‌زار دینار هاتووه‌ته خواره‌وه، بۆیه جیاوازییه‌كه بۆ هه‌رێم و عێراق له وڵاتانی تر زیاتره.
ڕوونی كرده‌وه، هۆكاره‌كانی دابه‌زینی نرخی زێڕ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یه‌كه‌م/ ڕاپۆرته‌كانی كۆمپانیای فایزه‌ر، ئاماژه‌ی به چالاكی ڤاكسینه‌كه‌ی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كه‌ن، به شێوه‌یه‌ك ئاماژه دراوه ڤاكسینه‌كه چالاكه و له‌سه‌ر 16 جۆری بازدانی ڤایرۆس تاقی كراوه‌ته‌وه، سه‌رجه‌م ئه‌نجامه‌كان ئه‌رێنی بووه، هه‌روه‌ها ڤاكسینه‌كه له توانایدایه ڕووبه‌ڕووی بازدانی تری ڤایرۆسی كۆرۆنایش بێته‌وه. دووه‌م/ پارتی دیموكراته‌كان له ئه‌مه‌ریكا سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجوومه‌نی پیران ده‌كه‌ن، جۆ بایدن كۆنگرێسیش سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی په‌سه‌ند كرد و تڕه‌مپیش دوای ململانێیه‌كی زۆر، ددانی به‌وه دا كه هه‌ڵه بووه له بڕیاره‌كانی و ده‌سه‌ڵات ڕاده‌ست ده‌كات، سێیه‌م/ به‌رزبوونه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ كڕینی پشك له بۆڕسه‌ی گشتی دنیای زێڕ.
پێویسته بگوترێ له ئابی ئه‌مساڵ به‌های هه‌ر ئۆنسێك زێڕ بۆ دوو هه‌زار و 80 دۆلار هه‌ڵكشابوو كه به به‌رزترین نرخ له مێژووی ئه‌و كانزایه هه‌ژمار ده‌كرێت.