لە ئەڵمانیا قەدەغەكردنی ڕووبەند تاوتوێ دەكرێ

:: PM:08:44:22/02/2017 ‌
ویلایەتی باڤاریای ئەڵمانی، تاوتوێی قەدەغەكردنی ڕووبەند لە دەزگە و دامەزراوە حكوومییەكان و قوتابخانە و زانكۆكان و سەروەختی هاژووشتنی ئۆتۆمبێلدا، دەكات.

یواخیم هێرمان، وەزیری ناوخۆی ویلایەتەكە، رایگەیاندووە كە پێوەندیگرتنەكان تەنیا لە رێی زمانەوە پێش نایەن، بەڵكوو بە هۆی گوزارشتی ڕوویشەوە ئەو كارە دەكرێت.

ڕەخنەگرانی ئەو پلانە، پێیان وایە بە هۆی كەمی رێژەی موسڵمانان لەو ویلایەتە، ئەو پلانە نابێتە هۆی گۆڕانێكی گرینگ، بۆیە ئەو رێكارانە، بۆ كارتێكردنی هەڵبژاردنی داهاتووە، بەو پێیەی حزبی یەكیەتیی كۆمەڵایەتیی مەسیحیی فەرمانڕەوا، لە ڕەكەبەری حزبی جێگرەوە لە پێناو ئەڵمانیا دەترسێت.

ساڵی رابردوو، ویلایەتی باڤاریا، رووبەرووی هێرشی زۆری تیرۆریستی بووەوە، بەشێكیان دەڵێن بە هۆی هاتنی كۆچبەری زۆرەوە ئەو كارانە پێش هاتوون.

بۆ بیرهێنانەوە، ئەڵمانیا لە 18 مانگی رابردوودا، زیاتر لە یەك ملیۆن پەنابەری لە خۆ گرتووە، ئەوە كاردانەوەی جیاوازی ئەرێنی و نەرێنی لێ كەوتەوە.

بە پێی ئەو یاسایە، كە دوێنێ خراوەتە روو، رووبەند (پەچە) لە شوێنە  فەرمییە حكوومییەكان و قوتابخانە و زانكۆ و سەروەختی شۆفێریكردن، قەدەغە دەكرێت، تا كەسەكە بناسرێتەوە.

پێشتر لە وڵاتانی فەڕەنسا و نەمسا و بەلژیكا و توركیا، لە چەند شوێنێكی دیاریكراو، خۆداپۆشینی تەواو، قەدەغە كرابوو.

ئەڵمانیا، بڕیاری داوە ئەو پەنابەرانە رابگوێزێت، كاتێك داواكارییان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری، رەت دەكرێتەوە.




وشە - مامه‌یاره‌ ئه‌حمه‌د