كۆمپانیای تویتەر كە پێشتر چەند جارێك بۆ ماوەیەكی دیاریكراو ئەكاونتەكەی سەرۆكی ئەمەریكای داخستبوو، ئەمجارە بۆ هەمیشە بڕیاری دا ئەكاونتەكەی دابخات و ترەمپیش دەڵێ منەتی پێ نییە و خۆی تۆڕێكی تایبەتی دادەمەزرێنێت.
تویتەر ئامانج لە داخستنی ئەكاونتی ترەمپی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە هەوڵی داوە پەرە بە توندوتیژی و ئاڵۆزكردنی دۆخی ئەمەریكا بدات.
دۆناڵد ترەمپ لە تویتەر 88 ملیۆن فاڵۆوەری هەبوو و كەسێكە زۆر لە بڕیارە گرنگە سیاسییەكانیشی هەر لە تویتەر بڵاو دەكردەوە، بەر لەوەی تەنانەت هەندێك لە وەزیرانی كابینەكەشی ئاگاداری بن.
بەگوێرەی "
دۆیچەوێلە" ئەو رێوشوێنەی تویتەر دوای ئەوە دێت لایەنگرانی ترەمپ بە هاندانی ئەو، هێرشیان كردە سەر كۆنگرێس و بەو هۆیەشەوە پێنج كەس گیانیان لە دەست دا.
فەیسبووكیش ئەكاونتی ترەمپی بۆ ماوەی دوو هەفتە داخست.
مارك زاكربێرگ، خاوەنی فەیسبووكیش رۆژی پێنجشەم ئەكاونتی ترەمپی بۆ ماوەی دوو هەفتە داخست. ترەمپ لە فەیسبووكیش 25 ملیۆن فاڵۆوەری هەیە.
ترەمپ رەخنەی لەم هەنگاوەی كۆمپانیای تویتەر گرتووە و گوتوویەتی، دیكتاتۆر و ئایەتوڵاكان ئەكاونتەكەیان هێشتا كراوەیە، لە كاتێكدا هی سەرۆكی ئەمەریكا دادەخرێت.
پێویستە بگوترێت كۆمپانیای تویتەر لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا تەنیا بەهۆی ئەكاونتەكانی ترەمپ دوو ملیار دۆلاری دەست كەوتووە.
ترەمپ گوتوویەتی بەمزووانە تۆڕێكی تایبەتی خۆی دادەمەزرێنێت .