هێرش بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی فڕۆكەخانەی مووسڵ دەستی پێ كرد

:: AM:09:10:23/02/2017 ‌

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم هێزەكانی عێراق دوای گەمارۆدانی فڕۆكەخانەی مووسڵ، دەستیان بە هێرشكردن بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوەتی فڕۆكەخانەكە و سەربازگەی "غەزلانی" باشووری ڕۆژئاوای شاری مووسڵ كرد.

سەرچاوەیەكی سەربازی لە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ ئاشكرای كرد، هێرشەكە بە پشتیوانی بۆردمانی فڕۆكەكان و تۆپهاوێژەكان بەردەوامە و لە زۆربەی لاكانی فڕۆكەخانەكەوە هێزەكان پێشڕەوی بەرچاویان كردووە و بە كاتێكی پێوانەیی توانیویانە هێلی بەرگری تیرۆریستان بە تەواوی لە هەموو لایەكەوە شكێنراوە.

ئەو سەرچاوەیە بە "سكای نیوز"ی ڕاگەیاندووە، لە هەر چوار لاوە هێزەكان بە خێرایی بەرەو پێشەوە دەڕۆن و ئامانجیش گرتنەوەی فڕۆكەخانەی مووسڵ و سەربازگەی "غەزلانی"یە لە باشووری ڕۆژئاوای شاری مووسڵ.

بەگوێرەی ئاماری ڕێكخراوە مرۆییەكان، دوای دەست پێ كردنی لە ڕۆژی 19 ئەم مانگە شوبات/فێبرایەر بە سەدان خانەوادە ماڵەكانی خۆیان جێهێشتووە و هاتوونەتە ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ و ئاڵای سپیان هەڵكردووە و دەیانەوێ لە دەستی تیرۆریستان ڕزگاریان بێ و ئاوارەی ناوچەكانی تر بوون.

پرۆگرامی خۆراكی جیهانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان پێشتر ئاشكرای كرد، كە دوودڵن لە ژیان و دۆخی گوزەرانی ئەو 650 هەزار هاووڵاتییەی لە بەری ڕاستی مووسڵ و لە ژێر دەستی تیرۆریستان هەن.
پۆلیسی فیدراڵی ئاشكرای كرد، تەنیا دوێنێ چوارشەم 200 ژن و منداڵیان گواستووەتەوە بۆ شارەدێی حەمام عەلیل و لە كەمپەكان نیشتەجێیان كردوون.

شەڕی مووسڵ لە 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو یەكەم هەنگاوی لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد و پێشمەرگە لە سەرجەم میحوەرەكان هێڵی پێشەوە و بەرگری تیرۆریستانیان تێكشكاند و دواتریش هێزەكانی عێراق بەرەو سەنتەری شاری مووسڵ پێشڕەوییان كرد و لە 24 كانوونی دووەم/یەنایەر بەری چەپی شاری مووسڵیان لە تیرۆریستان پاك كردەوە، لە 19 ئەم مانگەش هەڵمەتی گرتنەوەی بەری ڕاستی شارەكە دەستی پێ كرد و تا ئێستە چەندان گوند ڕزگاركراون و ئێستەش هێزەكان لە هەوڵدان بۆ گرتنەوەی فڕۆكەخانەی مووسڵ.




وشە - باز ئه‌حمه‌د