هەناردەی نەوتی كوردستان 8.2% زیادی كردووە

:: PM:04:28:10/01/2021 ‌
بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی رابردوودا لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە رێژەی 4.7% بەراورد بە مانگێكی پێشتر بەرز بووەتەوە، ئەمەش سەرووی ئەو پشكەیە لە رێككەوتنی ئۆپێك پڵاس بۆ عێراق دەستنیشان كرابوو. عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە رۆژانە سێ ملیۆن و 857 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە.

بڕی ئەو پشكەی بۆ عێراق دیاری كرابوو، بریتی بوو لە سێ ملیۆن و 804  هەزار بەرمیل، بەڵام عێراق زیاتری بەرهەم هێناوە و بەو پێیەش زیاتری هەناردە كردووە.
بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بە رێژەی 4.2% زیادی كردووە

بەگوێرەی شەفەقنا، زانیارییەكانی كۆمپانیای نیشتمانیی سۆمۆ بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بە رێژەی 4.2% زیادی كردووە و گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 366 هەزار بەرمیل.

هاوكات بەرهەمهێنانی نەوتی كوردستان 7.7% زیادی كردووە و گەیشتووەتە 491 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، بەیەكەوە سێ ملیۆن و 857 هەزار بەرمیلیان بەرهەم هێناوە.

هەناردەی نەوت لە لایەن حكوومەتی ناوەندی عێراق، لە مانگی كانوونی یەكەم بەراورد بە مانگێك پێشتر 5% بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 846 هەزار بەرمیل. هاوكات هەناردەی نەوتی كوردستانیش 8.2% بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 461 هەزار بەرمیل.

بەو ئەنجامە دەگەین لە هەرێمی کوردستان رۆژانە 30 هەزار بەرمیل نەوت لە ناوخۆ بەکار هاتووە و ئەوەی تری هەناردە کراوە.



وشە - سلێمان تاشان