ریال مەدرید دیاریی پێشكەش بە بەرشەلۆنە كرد.. بەرامبەر ڤالێنسیا دۆڕا
یانەی ریال مەدرید پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیا، شەوی رابردوو یارییە دوا خراوەكەی گەڕی 16ی بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا ئەنجام دا و لەنێو یاریگەی مستایا بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ دۆڕا.
لە یارییەكەدا یانەی ڤالێنسیا هەر زوو 2 گۆڵەكەی لە رێگەی یاریزانان سیمۆنی زازای هێرشبەری ئیتاڵی لە خولەكی 4 و فابیان ئۆریلانا لە خولەكی 9 تۆمار كرد، بەر لە تەواوبوونی گێمی یەكەمیش لە خولەكی 44 كریستیانۆ رۆناڵدۆی باشترین یاریزانی جیهان تاكە گۆڵی یانەی ریال مەدریدی لە یارییەكەدا تۆمار كرد.
لە گێمی دووەمیشدا یاریزانانی یانەی ریال مەدرید هەوڵی زۆریاندا ئەنجامی یارییەكە یەكسان بكەنەوە، بەڵام لەسەرجەم هەوڵەكانیان شكستیان خوارد و یارییەكە بۆ بەرژەوەندی یانەی ڤالێنسیا بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ بەكۆتا هات.
ئەم سەركەوتنەی یانەی ڤالێنسیا بووە خزمەتێكی گەورە بۆ یانە ركابەرەكانی یانەی ریال مەدرید بەتایبەتیش یانەی بەرشەلۆنە كە ئێستا بە 52 خاڵ و بەجیاوازی خاڵێك لەگەڵیدا لە ریزی دووەم دێت، هەروەها یانەی ڤالێنسیاش خاڵەكانی كردە 26 و هاتە ریزی 14ی یانەكان.
جێی باسە یانەی ریال مەدرید جگە لەو یارییە، یارییەكی دواخراوی تریشی لە خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ ماوە كە پێشتر بەهۆی خراپی كەش و هەواوە دواخرابوو.
وشە -
ئامانج ئهكرهم