یانه‌ی وه‌رزشیی هه‌ولێر ئه‌م وه‌رزه له خولی تۆپی پێی عێراقدا تا ئێسته به دڵی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ده‌رنه‌كه‌وتووه و ئاست و ئه‌نجامه‌كانی جێگیر نین، هه‌روه‌ها تیپه‌كه كه‌موكوڕی هه‌یه.
له‌سه‌ر ئاستی خولی كوردستانیشدا، تیپه‌كه به ئاستی دووه‌م به‌شداریی كردووه و ئه‌نجامه‌كانی تیپه‌كه جێگه‌ی ناڕه‌زایی هانده‌رانی یانه‌كه‌ن.
له باره‌ی بارودۆخی هه‌ردوو تیپ و باری دارایی یانه‌كه و چه‌ند پرسێكی دیكه، دیمانه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا مه‌جید ئاغا، سه‌رۆكی یانه‌ی وه‌رزشیی هه‌ولێر ئه‌نجام دا.
یانه‌ی هه‌ولێر له خولی عێراق ئاست و ئه‌نجامه‌كانی وه‌ك پێویست نین، ئێوه سه‌رنجتان له‌سه‌ر تیپه‌كه چییه؟
ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌نجامه‌كان بكه‌ین، ره‌نگه باش نه‌بن، به‌ڵام ئاستی تیپه‌كه زۆرباشه، چونكه زۆربه‌ی یاریزانه‌كان گه‌نجن و كوردن، هێشته پێویستیان به كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌زموون هه‌یه.
پێشم وایه له قۆناغی دووه‌می خوله‌كه‌دا باشتر ده‌بن و زیاتر له ریزبه‌ندیی خوله‌كه‌دا ده‌چنه پێشه‌وه، چونكه ده‌بینین جیاوازی خاڵی نێوان تیپه‌كان زۆر نییه و به یه‌ك بردنه‌وه چه‌ند هه‌نگاوێك ده‌چینه پێشه‌وه، بۆیه متمانه‌مان به تیپه‌كه هه‌یه زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه بچێت.
به‌ڵام تیپه‌كه كێشه‌ی له هێرشبردن و گۆڵكردن هه‌یه، پلانتان بۆ ئه‌مه هه‌یه چاره‌سه‌ری بكه‌ن؟
راسته، ئه‌و كێشه‌یه‌مان هه‌یه، هێرشبه‌رانی ئێمه گۆڵ ناكه‌ن، بۆیه پلانمان هه‌یه هێرشبه‌رێكی باش له ده‌ره‌وه‌ی عێراق بهێنینه تیپه‌كه، به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌یه هێرشبه‌ری باش و گۆڵكار نایه‌ت له خولی عێراقدا یاریی بكات.
پلانمان هه‌یه له زستاندا هێرشبه‌رێك بهێنین
كه‌واته له گواستنه‌وه‌ی زستانه‌دا هێرشبه‌رێك ده‌هێنن؟
هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌م كاره بكه‌ین و تیپه‌كه به‌هێزتر بكه‌ین و كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین هێرشبه‌رێكی باش بهێنینه تیپه‌كه.
پلانمان هه‌یه له زستاندا هێرشبه‌رێك بهێنین
*تیپی خولی كوردستانی یانه‌كه‌تان ئاستی زۆرخراپه و ره‌خنه و گله‌یی زۆری ئاراسته ده‌كرێت، چۆن ده‌ڕواننه بارودۆخی تیپه‌كه؟
ئێمه له تیپه‌كه رازیین، گله‌ییمان نییه، ئێمه له خولی كوردستان ئه‌نجام و نازناومان ناوێت، ده‌مانه‌وێت به‌و یاریزانانه یاریی بكه‌ین، هه‌موویان یاریزانی لاون، ئامانجی ئێمه ئه‌وه‌یه چه‌ند یاریزانێك پێبگهنین و بۆ تیپی یه‌كه‌م سه‌ریان بخه‌ین و دروست ببن.
ئه‌گه‌ر سه‌یری یارییه‌كانی تیپه‌كه‌ش بكه‌ین، ده‌بینین باش یاریی ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ڵه‌ی تاكه‌كه‌سییان زۆره و ئه‌مه‌ش ئه‌نجامه‌كانی خراپ كردوون، به‌ڵام ئێمه دوور ده‌ڕوانین و ده‌مانه‌وێت چه‌ند یاریزانێك له‌وانه، بۆ تیپی یه‌كه‌م سه‌ركه‌ون، پێشم وایه زۆرباش ده‌بن، به‌ڵام هێشته گه‌نج و بچووكن، ئێمه ده‌مانه‌وێت ئه‌وان له ته‌مه‌نی 17 و 18 ساڵیدا له خولی عێراقدا یاریی بكه‌ن و توانایان هه‌بێت.
به‌ڵام پێت وایه ئه‌مه ئاسان بێت، جه‌ماوه‌ر چۆن رازی ده‌بن؟
پلانی ئێمه جیاوازه، راستییه‌كه‌ی یاریزان له كوردستان 7 یاری له خولی تازه‌پێگه‌یشتووان و 6 یاری له خولی لاوان ئه‌نجام ده‌دات و دواتر ده‌چێته ئاستی تیپی یه‌كه‌م، بۆیه دروست نابن و ئاستیان باش نابێت، به‌ڵام ئێمه ده‌مانه‌وێت یاریزانی ئێمه زیاتر یاریی بكه‌ن و ئاستیان پێشبكه‌وێت، ئه‌ویتر كێشه نییه.
ئێمه له خولی كوردستان ئه‌نجام و نازناومان ناوێت
*سه‌باره‌ت به باری دارایی یانه‌ی هه‌ولێر، له‌م وه‌رزه‌دا بارودۆختان چۆنه؟
بارودۆخی داراییمان باش نییه، ره‌نگه هه‌ر ئه‌م مانگه بتوانین مووچه‌ی یاریزانه‌كانمان بده‌ین، دواتر ده‌بێت چاره‌سه‌ری بارودۆخمان بكه‌ین، به تایبه‌تی له رێگه‌ی وه‌به‌رهێنان یان هه‌ر رێگه‌یه‌كی تره‌وه.
به‌ڵام ئێوه 700 ملیۆن دینارتان له حكوومه‌تی كوردستان وه‌رگرتووه، وایه؟
به‌ڵێ ئه‌وه راسته، به‌ڵام ئێمه مانگانه 100 ملیۆن دینار مووچه ده‌ده‌ینه تیپه‌كان، هه‌ر به‌شی پێنج مانگی كردووه، 200 ملیۆنیش بۆ پێویستیی خه‌رجی و سه‌فه‌ری تیپه‌كانه بۆ شاره‌كان و بۆ ئه‌نجامدانی یاری، كه پێشه‌كی پاره‌مان داوه، به تایبه‌تی بۆ خولی عێراق، بۆیه ئه‌و پاره‌یه زۆر كه‌مه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری یانه‌یه‌كی وه‌ك هه‌ولێر، چونكه هه‌ر سه‌فه‌رێك چه‌ند ملیۆنێكی پێویسته.
ره‌نگه هه‌ر ئه‌م مانگه بتوانین مووچه بده‌ین
ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم، خوالێخۆشبێت فرسه‌ت سۆفیی پارێزگاری پێشووی هه‌ولێر، به‌ڵێنی دابوو له سه‌ره‌تای ساڵی نوێ‌دا ئه‌و كێشانه‌مان بۆ چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه جێی هێشتین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین چاره‌سه‌ری كێشه‌ی دارایی یانه‌كه‌مان بكه‌ین و ده‌سته‌وه‌ستان نابین، هه‌رچه‌نده ئه‌وه ته‌نیا كێشه‌ی ئێمه نییه و هه‌موو یانه‌كان كێشه‌ی داراییان هه‌یه.
پاشخان
عه‌بدوڵڵا مه‌جید ئاغا، له‌دایكبووی 1967، سه‌رۆكی یانه‌ی وه‌رزشی هه‌ولێره، بڕوانامه‌ی دكتۆرای له زانستی مه‌شقی وه‌رزشیدا هه‌یه و مامۆستای زانكۆیه، له ساڵی 2006 بووه سه‌رۆكی یانه‌كه، كه پێش ئه‌وه‌ش، یاریزان، راهێنه‌ر، سه‌رپه‌رشتیاری تۆپی ده‌ستی یانه‌كه بووه، دواتر بووه به ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی و ئینجا سه‌رۆكی یانه‌كه.
یانه‌ی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌ودا بووژانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه بینی و تیپه‌كه 4 جار نازناوی خولی نایابی تۆپی پێی عێراقی به‌ده‌ست هێناوه، دوو جار گه‌یشته یاریی كۆتایی جامی یه‌كێتیی یانه‌كانی ئاسیا و هه‌روه‌ها به‌شداریی خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئاسیای كرد. یه‌ك جاریش نازناوی خولی تۆپی باله‌ی عێراقی به‌ده‌ستهێناوه، ئه‌مه جگه له‌وه له یارییه‌كانی تری وه‌ك پایسكلسواری و به‌رزكردنه‌وه‌ی قورسایی، تیپه‌كه له ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌بیدا ئه‌نجامی گه‌وره و میدالیای جۆراوجۆری به‌ده‌ستهێناوه.