لەبارەی مەترسیی جۆرە دەرمانێك ڕوونكردنەوە دەدرێت

:: AM:08:53:12/01/2021 ‌
وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، روونكردنەوەیەكی لەبارەی دەرمانی "میتفۆڕمین"ی تایبەت بە تووشبووانی شەكرە بڵاو كردەوە و ڕای دەگەیەنێت، ئەو جۆرەی دەرمانی مێتفورمین رانەگرن و بەردەوام بن لەسەر بەكارهێنانی، تا پزیشكی پسپۆڕ یان دەرمانسازی پسپۆڕ جێگرەوەی دەرمانەكەیان بۆ دیاری دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم 12ـی كانوونی دووەم، لە روونكردنەوەیەكی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، دەزگای خۆراك و دەرمانی ئەمەریكی (FDA) هۆشداری دەداتە نەخۆش و پسپۆڕانی تەندروستی لە هەبوونی مادەی (NDMA) سەرووی رێژەی پەسەندكراو لەناو دەرمانی (Metformin) كە لەوانەیە ببێتە هۆكاری شێرپەنجە.

باس لەوەش كراوە، هاووڵاتییان ئاگەدار دەكەینەوە كە هۆشیارییەكەی دەزگای خۆراك و دەرمانی ئەمەریكی تەنیا بۆ جۆرێكی شێوەی دەرمانسازی (dosage form)ی دەرمانی مێتفورمینە كە پێی دەگوترێت (extended release). هۆشدارییەكە تایبەتە بە دەرمانی مێتفورمینی چەند كارگەیەكی بەرهەمهێنان، بەڵام هەمان دەرمان لە جۆری شێوەی دەرمانسازی (immediate release) مادەی شێرپەنجەیی (NDMA) تێدا دەرنەكەوتووە كە باوترین جۆری شێوەی دەرمانسازی دەرمانی مێتفورمینە كە بەكار دێت.

بەردەوام بن لەسەر بەكارهێنانی تا پزیشكی پسپۆڕ یان دەرمانسازی پسپۆڕ جێگرەوەی دەرمانەكەیان بۆ دیاری دەكات
وەزارەتی تەندروستی هاووڵاتییان ئاگەدار دەكاتەوە، ئەو جۆرەی دەرمانی مێتفورمین رانەگرن و بەردەوام بن لەسەر بەكارهێنانی تا پزیشكی پسپۆڕ یان دەرمانسازی پسپۆڕ جێگرەوەی دەرمانەكەیان بۆ دیاری دەكات، چونكە جێی مەترسییە بۆ نەخۆشی شەكرەی جۆری دووەم (type 2 diabetes) دەرمانەكە رابگرێت پێش ئەوەی راوێژ بە پزیشكی پسپۆڕ بكات.

باس لەوەش كراوە، كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان، بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە و هەر بابەتێك دەكات كە پێوەندی بە تەندروستی و ژیانی هاوووڵاتییانەوە هەبێت.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 162 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌