ئێران قەبارەی هەناردە لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دەگەیەنێتە یەك ملیار دۆلار

:: PM:01:47:12/01/2021 ‌
دەروازەی نیودەوڵەتی حاجی ئۆمەران كە لە دیوی رۆژهەڵاتی كوردستان بە دەروازەی تەمەرچین ناسراوە، بە تاكە دەروازەی فەرمی نێودەوڵەتی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ هەرێمی كورستان هەژمار دەكرێت. ئێران ئامانجیەتی قەبارەی هەناردە لەم دەروازەیە بۆ یەك ملیار دۆلار بەرز بكاتەوە.

دەروازەی حاجی ئۆمەران لە ساڵی 2008ەوە لە لایەن ئێرانەوە وەك دەروازەیەكی فەرمی ناسراوە، شەش ساڵیشە جموجووڵ لەو دەروازەیە بووەتە 24 سەعاتە و ئێران بە یەكێك لە گرنگترین دەروازە بازرگانییەكانی سەیری دەكات.

دەروازەكە 133 كیلۆمەتر لە ورمێی ناوەندی پارێزگا دوورە و قەبارەی هەناردەی ئێران لە دەروازەكەوە تا 600 ملیۆن دۆلاریش تۆمار كراوە، بەڵام ئێران بەو ژمارەیە رازی نییە و دەیەوێ زیاتر پەرەی پێ بدات و پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ بەرزترین ئاست تۆمار بكات.

پێشبینیشی كردووە كۆی هەناردەكەی تا كۆتایی زستان لە ساڵێكدا بگاتە 800 ملیۆن دۆلار.


لە هاوین و بەهاری رابردوو سەرەڕای ئەوەی كە رێوشوێنی توند بەرانبەر ڤایرۆسی كۆرۆنا گیرابووەبەر، ئەم دەروازەیە لە جووڵە نەوەستا و بەپێی ئامارەكانی ئێران، بە بەهای 412 ملیۆن دۆلار هەناردە لە دەروازەكە تۆمار كراوە و پێشبینیشی كردووە كۆی هەناردەكەی تا كۆتایی زستان لە ساڵێكدا بگاتە 800 ملیۆن دۆلار.

بەگوێرەی ئیرنا، غولامڕەزا بابایی سەرۆكی فەرمانگەی پیشەسازی،  كانزا و بازرگانی ورمێ باسی لەوە كردووە، لە شەش مانگی یەكەمی ساڵەكە 258 هەزار و 587 تۆن كاڵا و شتومەك لە دەروازەكەوە بۆ هەرێمی كوردستان گواستراوەتەوە و بەهای ئەو كاڵایانەش سەرووی 412 ملیۆن دۆلار بووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵێك پێشتر بە رێژەی 32% زیادی كردووە.

خۆراك، كانزا، شیش، مادەی پیشەسازی، مافوور و میوە لە گرنگترین ئەو بەرهەمانە بوون لەو دەروازەیەوە بۆ هەرێمی كوردستان هێنراون.

لەو دەروازەیەوە دوو هەزار و 232 تۆن كاڵا و شتومەكی جۆراوجۆر لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئێران هەناردە كراوە


بەرپرسەكەی ورمێ ئاماژەی داوە هەر لەو دەروازەیەوە دوو هەزار و 232 تۆن كاڵا و شتومەكی جۆراوجۆر لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئێران هەناردە كراوە كە بەهاكەی  نۆ ملیۆن و 376 هەزار دۆلار بووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵێك پێشتر 35% بەرز بووەتەوە.

گرنگترین ئەو كاڵایانەی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئێران گواستراونەتەوە پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل و چەند جۆرێكی ئۆتۆمبێلی قورس بووە.

بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی دەروازەكە 10 ملیار تمەن بودجەیان دابین كردووە


لە لایەكی ترەوە ئەرسەلان شوكری بەڕێوەبەری گشتی رێگەوبان و هاتوچۆی پاریزگای ورمێ، باسی لەوە كردووە، دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەروازەیەكی ستراتیجییە، بۆیە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی دەروازەكە 10 ملیار تمەن بودجەیان دابین كردووە و بەمزووانە پڕۆژەكەیان دەست پێ دەكات.

ئێران جگە لە هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی دەروازەكە، لە هەوڵدایە ئەو شەقامە سەرەكییانەش پەرە پێ بدات كە شارەكانی پارێزگای ورمێ بە دەروازەكە گرێ دەدەن، بۆ نموونە یەكێك لەو پڕۆژانە، پڕۆژەی جووتسایدی نەغەدە-پیرانشار بووە كە درێژییەكەی 45 كیلۆمەترە و بەمزووانە كۆتایی پێ دێت.

بەڕێوەبەرە گشتییەكە ئاماژەی بەوەش داوە، جگەلە تەواوكردنی ئەو جووتسایدە، هەوڵ دەدەن رێ سەرەكییەكە بە مەرز گرێ بدەن و بۆ ئەو مەبەستەش بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كراوە و 33 كیلۆمەتر لە شەقامەكە نۆژەن دەكرێتەوە.

پارێزگای ورمێ لەگەڵ توركیا و هەرێمی كوردستان و كۆماری ئۆتۆنۆمی نەخجەوان، هاوسنوورە و بە یەكێك لە گرنگترین پارێزگاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ بواری بازرگانی نێودەوڵەتی هەژمار دەكرێت. 

لە لایەكی ترەوە جەواد هیدایەتی بەڕێوەبەری گشتی ترانزێت و گواستنەوەی نێودەوڵەتی، ئاشكرای كرد لە سەرەتای بەهارەوە یەك ملیۆن و 222 هەزار تۆن كاڵا و شتومەك لە دەروازەكە ئاڵوگۆڕ كراوە كە 662 هەزار تۆن هاوردە و 560 هەزار تۆنیش هەناردە بووە.

بۆ گواستنەوەی ئەم كاڵایانە، 23 هەزار بارهەڵگر جموجووڵیان هەبووە.


بۆ گواستنەوەی ئەم كاڵایانە، 23 هەزار بارهەڵگر جموجووڵیان هەبووە. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش داوە دەروازەكە لە ئاستی ئێراندا لە رووی هاتوچۆی بازرگانی لە پلەی نۆیەمدایە.

پێویستە ئاماژە بەو راستییە بكرێت هەرێمی كوردستانیش لای خۆی بایەخێكی زۆری بە دەروازەكە داوە، لە چەند ساڵی رابردوودا وێڕای بەرفراوانتركردنی دەروازەكە، هەوڵی داوە رێی نێوان دەروازەكە لەگەڵ ناوەندی پارێزگای هەولێر پەرە پێ بدات و بارهەڵگرەكان لە ماوەیەكی كورتردا رێیەكە ببڕن و بارەكانیان بگوازنەوە.

لە رێی هامیلتۆن كۆمەڵێك پڕۆژە لە جێبەجێكردندان و ژمارەیەك لەو پڕۆژانە تەواو بوون و ژمارەیەكیشیان لەبەر تەنگژەی دارایی نەتوانراوە وەك پێویست كاریان لەسەر بكرێت، بەڵام ئامانجی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە لە هەولێرەوە تا حاجی ئۆمەران بە جووتساید بكات. تونێلی پیرمام یەكێك لە گرنگترین ئەو پڕۆژانە بووە كە ساڵی رابردوو بە فەرمی كرایەوە.



وشە - سلێمان تاشان