بایدن بەنیازی چییە بۆ سووریا؟

:: PM:06:24:12/01/2021 ‌

لە نێوان هیوایەكی زۆر و بژارەیەكی كەم لەسەر زەویدا، ئەركێكی قورس چاوەڕوانی جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا دەكات، كە دوای دابەشكردنی ناوچەكانی دەسەڵات لەنێوان یاركەرە ناوچەیی و جیهانییەكاندا، سووریا لە دۆخێكی چەقبەستوودا دەژیت، لە دوای پاشەكشەكردنی ئەمەریكا لە چوارساڵی رابردوو لەو دۆسیەدا. 

پێشبینییەكان بەو ئاراستەیەن كە دوای فەرامۆشكردنەكانی ترەمپ و پشتبەستنی بە پێوەندییە كەسێتییەكان و بڕیاردانی كاتی، وەك بڕیاری پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا و دەستبەرداربوونی كورد، ئەمەریكا بەهێز دێتەوە ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و لەسەر بنەمای كاری دامەزراوەیی، بۆیە بەپێشبینی زۆرێك لە چاودێران، پرسی سنوورداركردنی دەسەڵاتی ئێران و حزبەڵا و ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا دژ بە هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا، دەبنە سەرووی گرنگیدانی ئیدارەی بایدن، لەپاڵ بڕیاردانی كاركردن لەگەڵ رووسیا و توندكردنی سزاكان بۆ سەر رژێمی سووریا، هەموو ئەوانەیش بەمەبەستی ئەنجامدانی گۆڕانكاری گەورە لە ناوخۆی ئەو وڵاتە.

جینس هیترین، رۆژنامەوانی بەلجیكی و شارەزا لە كاروباری سووریا پێشبینی دەكات سیاسەتەكانی ئەمەریكا لە سەردەمی بایدن زۆر جیاوازی نابێ لەگەڵ ئەوەی ترەمپ و ئۆبامادا، سیستمی سزاكان وەك خۆی دەمێنێتەوە و بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان وەك بنەمای مامەڵەكردنی واشنتن دەمێننەوە، لەگەڵ جەنگ لەدژی داعش، بۆیە بژارەكانی بەردەم بایدن سنووردارن و هۆكارەكەیشی بۆ چەقبەستووی هەڵوێستی هەرسێ هێزی كاریگەری سەر گۆڕەپانی سووریا دەگەڕێتەوە كە رووسیا و توركیا و ئێرانن.

هیترین پێی وایە ئیدارەی بایدن شێوازێكی جیاوازی دیپلۆماسی بە بەراورد بەوەی ترەمپ پێڕەو دەكات، كاتێك دیپلۆماسیەتی سەردەمی ترەمپ ناجێگیر و نزیك مەودا و یەكسەرە بوو، واتە رەش یان سپی، كەچی لەگەڵ هاتنی بایدن دیپلۆماسیەت چالاك دەبێتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ توركیا و ئێراندا.

ئەحمەد حەسەن، رۆژنامەوانی سووری دەڵێت، ئیدارەی نوێی ئەمەریكا گرنگی زیاتر بە چاككردنەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەدات، ئەوەیش پێویست بە بنیاتنانەوەی دامەزراوەی كارا دەكات، بەتایبەتی لە رووی هەواڵگرییەوە، هەروەها پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بەو دامەزراوانە، بەپێچەوانەی ئیدارەی ترەمپ، كە گرنگی بە زیادكردنی كێبەركێ لەنێوان تەوەرە هەرێمییەكان دەدا، لەگەڵ فەرامۆشكردنی وریاكردنەوەی دامەزراوەكان. 

ئاژانسی "بلومێرگ"ی ئەمەریكی وتارێكی لەبارەی سووریا بڵاو كردەوە، ئەو ئاماژە بۆ فرەوانبوونی دەسەڵاتی ئێران لەو وڵاتە دەكات، كە گەورەترین مەترسییە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی واشنتن لە ناوچەكەدا، زیاتر لە دەسەڵاتەكانی رووسیا كە پێوەستە بە دابینكردنی بەرژەوەندی دیاریكراو، بەپێچەوانەی تاران كە دەیەوێ بەسەر رژێمی سووریا باڵادەست بێت، ئەوەیش بووە هۆی دروستبوونی ناكۆكی لەنێوان ئەسەد و رووسیا لەلایەك و ئەسەد و تاران لەلایەكی ترەوە.
بایدن هەوڵی سنوورداركردنی رۆڵی ئێران و توركیا دەدات
هیترین دەڵێت، هەرچی دەسەڵاتی رووسیایە لە سووریا، ئیدارەی بایدن گۆڕانكارییەكی گەورە لە مامەڵەكردن لەگەڵیدا ناكات، ئەو كاری لەگەڵ دەكات بۆ پەرەپێدانی گفتوگۆكان لەسەر دەستووری ئەو وڵاتە كە وەستاوە، لەسەر بنەمای بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڵام جیا لە ئێران، هەوڵی سنوورداركردنی رۆڵ و دەسەڵاتی توركیایش دەدات، بەتایبەتی كە مەبەستی توركیا شكاندنی كوردە كە هاوپەیمانی واشنتنن و پێوەندی باشیان لەگەڵ دیموكراتەكان و بایدن هەیە، جیا لەوە ئەوان لایەنی متمانەپێكراوترینن لە جەنگ لەدژی تیرۆردا. 

ئەو رۆژنامەوانە بەلجیكییە روونی كردەوە، سەبارەت بە توركیا پێشبینی دەكەم ئەمەریكا هەڵوێستێكی توندتر بنوێنێت، هاوكات لەگەڵ هەوڵدان بۆ سەقامگیركردنی پێوەندی و لێكگەیشتنەكان لەگەڵ ئەنقەرە، بە رەچاوكردنی مەترسییە تەناهییەكانی لە پەكەكە، بۆیەیش هەوڵ دەكات رێگری لە دەستوەردانی پەكەكە بكات لە كاروبار و دامەزراوەكانی كوردی سووریا، بەشێوەیەك هەوڵ دەدات بۆ زیادبوونی ئامادەیی سیاسی ئەنەكەسە لەو ناوچەیەدا، ئەوەی لە عەین عیسا بەمدواییە رووی دا، بەهۆی نەبوونی ئەمەریكا و ناكۆكی نێوان رووسیا و توركیا بووە، دووپاتكردنەوەی هەڵوێستی توركیا دژ بە هەسەدە بوو بێ رەچاوكردنی ناڕەزایی مۆسكۆ و واشنتن.

حوسێن ئابیش، نووسەر دەڵێت، پێویستە بایدن بە توندی بە توركیا بڵێ كە ئەمەریكا لە پێویستی ئەو بۆ پاراستنی ئاساییشەكەی تێدەگات، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە خاكی سووریا داگیر بكات و هێرش بكاتە سەر هاوپەیمانەكانی واشنتن و لە رەوتی ناسەقامگیركردنی دۆخی سووریا و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و لیبیا بەردەوام بێت، كە هەڕەشەی مانەوەی لەناو هاوپەیمانی ناتۆ و وەك هاوپەیمانێكی ئەمەریكا دەكەن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل