پۆلیسی سلێمانی چوار تۆمەتبار دەگرێت

:: AM:10:34:23/02/2017 ‌

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، چوار هاووڵاتیی تۆمەتباریان بە تاوانی راوی ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكان گرت و داوایش لە هاووڵاتییان دەكەن پابەند بن بە یاساكانی ژینگە.

ئەمڕۆ پینجشەم 23ی شوبات/فێبرایەر، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا گرتنی چوار هاووڵاتی بە تۆمەتی راوی باڵندە و ئاژەڵە كێوییەكان راگەیاند.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە دراوە، بنكەی  پۆلیسی دارستان و ژینگەی پیرەمەگروون لە گوندی تەڕەمار دوو هاووڵاتییان گرت كە سەرقاڵی راوی ئاژەڵ و باڵندەی كێوی بوون.

زیاتر روون كراوەتەوە، هاوكات پۆلیسی دارستانی بنكەی وارماوا گوندی "بەردەكەڕ" دوو هاووڵاتییان لەكاتی راوكردنی باڵندە كێوییەكان گرت.

 لەو چالاكییەی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، دەست بەسەر دوو كەو و چەكێكی جۆری تاپڕو و سێ دەستە داودا گیراوە و سەرجەم گیراوەكان رادەستی یاسا كراون.

پۆلیسی دارستانی هەرێمی كوردستان رۆژانە لە گەشتەكانیاندا تووشی سەرپێچیكارانی یاسای ژینگەپارێزی هەرێم دەبنەوە كە سەرقاڵی دیاردەی راوكردن و تێكدانی سروشتی كوردستانن و دوای گرتنیان رادەستی یاسایان دەكەن، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگە داوا لە هاووڵاتییان دەكەن پابەندی رێنوێنییەكانیان بن و بە وشیارییەوە ژینگەی وڵاتەكەیان بپارێزن.



وشە - هیدایه‌ت جان