ئایا هەواڵی گەڕانەوەی مۆرینۆ بۆ یانەی ریال مەدرید راستە؟

:: AM:10:37:23/02/2017 ‌

جۆزێ مۆرینۆی پورتوگالی و راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی لێدوانێكی دا لەبارەی دەنگۆكانی ئەم دواییەی رۆژنامەكان سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ ریزی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.

بەم دواییە رۆژنامە ئیسپانییەكان بڵاویان كردبووەوە كە بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید لەگەڵ مۆرینۆ رێككەوتوون و هەركاتێ زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی ریزی یانەكە جێبێڵێ، ئەوا مۆرینۆ ئەركی راهێنەرایەتیی یانەی شاهانە وەردەگرێتەوە.

لەمبارەیەوە مۆرینۆ بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: گرێبەستێكم لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد هەیە و دوو ساڵی تریش لەگەڵیان بەردەوام دەبم، بێگومان كارەكەی ئێستام خۆش دەوێت و لە یانەكە بەردەوام دەبم هەتا ئەو كاتەی دەرم دەكەن.

مۆرینۆ رەتیشی كردەوە هیچ رێككەوتنێكی لەگەڵ سەرۆكایەتیی یانەی ریال مەدرید ئەنجامدابێت و جەختیشی كردەوە كە بەهیچ شێوەیەك ئێستا بیر لە گەڕانەوە بۆ خولی ئیسپانیا ناكاتەوە.

مۆرینۆ لەنێوان ساڵانی 2010 تا 2013 راهێنەری یانەی ریال مەدریدی كردبوو، لە یەكەم وەرزی راهێنەرایەتیی یانەی مانچستەر یونایتدیشدا رۆژی یەكشەمی داهاتوو یاریی كۆتای جامی یەكەتیی یانەكانی ئینگلتەڕا بەرامبەر یانەی ساوتهامتۆن ئەنجام دەدات.

رۆژنامەی (سەندای وۆرڵد)ی ئینگلیزی هەفتەی رابردوو بڵاوی كردبووەوە: سەرۆكایەتیی یانەی مانچستەر یونایتد رازین بەو ئاستەی مۆرینۆ لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ یانەكەیان پێشكەشی كردووە سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە ریزی شەشەمی یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزین.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردبووەوە: ئەندامانی یانەی مانچستەر یونایتد گەیشتوونەتە ئەو رایەی كە گرێبەستەكەی مۆرینۆ تا ساڵی 2022 درێژ بكەنەوە كە خۆی لە 2019 بەكۆتا دێت.

بڵاویشی كردەوە كە دەستەی كارگێڕیی یانەی مانچستەر یونایتد پشتگیری لە مۆرینۆ دەكەن تەنانەت ئەگەر ئەمساڵیش نەتوانێ یانەكە بگەیەنێتە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، هەروەها بەڵێنیشیان پێداوە هاوینی داهاتوو بڕە پارەیەكی زەبەلاحیشی بۆ فەراهم بكەن تا لە رێگەیەوە گرێبەست لەگەڵ یاریزانی نوێ ئیمزا بكات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م