بۆچی پێویستە پیاوان رۆژانە قاوە بخۆنەوە؟

:: PM:06:25:13/01/2021 ‌

تا ئێستەیش هۆكار و چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە نەدۆزراوەتەوە و ساڵانە سەتان هەزار كەس بەوهۆكارەوە گیان لەدەست دەدەن، جیا لەوەی سەتان هەزار كەس بەدەست نەشتەرگەری و ئازارەكانییەوە دەناڵێنن، توێژینەوەیەكی چینی باسی بوونی پێوەندی لەنێوان خواردنەوەی رۆژانەی قاوە و تووشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات دەكات.
ئەوانەی رۆژانە قاوە دەخۆنەوە 10% كەمتر تووشی شێرپەنجەی پرۆستات دەبن
بەپێی توێژینەوەیەك كە زانایان لە زانكۆی پزیشكی چین ئەنجامیان داوە، ئەوكەسانەی رۆژانە چەند كووپێك قاوە دەخۆنەوە، بە رێژەی 10% كەمتر ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پرۆستات هەیە بە بەراورد بەوانەی رۆژانە نایخۆنەوە. 

لەو زانیاریانەی زانایان پێی گەیشتن، هەروەها ئەو نەخۆشانەی شێرپەنجەی پرۆستات، كە لە قۆناغێكی پێشكەوتووی نەخۆشییەكەن، بە رێژەی 16% كەمتر ئەگەری گیانلەدەستدانیان هەیە، ئەگەر رۆژانە قاوە بخۆنەوە.

بەپێی ئەو توێژینەوەی د. كیفینگ وانگ، سەرپەرشتی كردووە و ئەنجامەكانی لە گۆڤاری پزیشكی بەریتانی بڵاو كراوەتەوە، پشت بە داتاكانی زیاتر لە 16 توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی زانستی بەستراوە كە باسی پێوەندی خواردنەوەی قاوە و شێرپەنجەی پرۆستاتیان كردووە.

ئەو توێژینەوانە زیاتر لە نیو ملیۆن پیاویان گرتووتەوە كە 57732یان شێرپەنجەی پرۆستاتیان هەبووە، بەپێی رۆژنامەی "دەیلی مێڵ"ی بەریتانی، وانگ دەڵێت، 15 لەو توێژینەوانە دووپاتیان لە پێوەندییەكی راستەوانە و ئەرێنی لە نێوان خواردنەوەی قاوە و شێرپەنجەی پرۆستات كردووەتەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل