ته‌قه‌ له‌ ماڵی سه‌رۆكی لقی چه‌مچه‌مالی یه‌كێتی زانایان ده‌كرێ

:: AM:10:42:23/02/2017 ‌
به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م چه‌كدارانی نه‌ناس ته‌قه‌یان له‌ ماڵی سه‌رۆكی لقی چه‌مچه‌ماڵی یه‌كێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان كرد و تا ئێسته‌ هۆكاری ته‌قه‌كردنه‌وه‌ و بكه‌رانی دیار نین.

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست "وشه‌" كه‌وتوون، به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م چه‌كدارانی نه‌ناس له‌ چه‌مچه‌ماڵ ته‌قه‌یان له‌ ماڵی مامۆستا عه‌بدولوه‌هاب سه‌رۆكی لقی چه‌مچه‌مالی یه‌كێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان كرد.

سه‌رچاوه‌یه‌كی هێزه‌كانی پۆلیسی چه‌مچه‌ماڵ به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، ته‌قه‌كردنه‌كه‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ بووه‌ و به‌ گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان سه‌رۆكی لقی چه‌مچه‌ماڵی یه‌كێتی زانایان كێشه‌ی له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێك نه‌بووه‌ و تا ئێسته‌ ڕوون نییه‌ كێن ته‌قه‌یان كردووه‌ و بۆچی ته‌قه‌یان له‌ ماڵی ناوبراو كردووه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ "وشه‌" دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ به‌هۆی ته‌قه‌كردنه‌كان زیانی مادی به‌ر ماڵه‌كه‌ی كه‌وتووه‌ و ئێسته‌ش دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ رووداوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتی، تاكه‌ شت كه‌ گومان ده‌كرێ هۆكاری ته‌قه‌كردن بێ له‌ ماڵی ئه‌و مه‌لایه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌ گوتاره‌كانی ڕۆژی هه‌ینی ڕه‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی شارۆكه‌كه‌ و به‌رپرسانی چه‌مچه‌ماڵ و حزبه‌ باڵاده‌سته‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ واته‌ گۆڕان و یه‌كێتی ده‌گرێ.

جێی باسه‌، له‌ ڕۆژانی ڕابردووش به‌هۆی تێپه‌ڕینی پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌ به‌رده‌م مه‌كۆی چه‌مچه‌ماڵی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌لایه‌ن مه‌كۆی گۆڕانه‌وه‌ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێك گیراوه‌ و دواتر ڕاده‌ستی ئاسایش كراوه‌ و هاوكات ماوه‌ی پێشوو ئاڕ بی جی له‌ وێستگه‌ی كاره‌بای چه‌مچه‌ماڵ گیرا و پێشتریش به‌رپرسی مه‌كۆی چه‌مچه‌ماڵی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاشكرای كردبوو، كه‌ ئه‌وان هێزی چه‌كداری پێك دێنن و به‌وشێوه‌یه‌ قبوڵی ناكه‌ن.

چه‌مچه‌مال/سه‌بری هۆرینی.


وشە - باز ئه‌حمه‌د