بەرشەلۆنە دوایین بەرگریكاری بۆ شوێنگرەوەی ڤیدال دیاری كرد
بەگوێرەی زانیارییەكان یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی دوابڕیاری لەبارەی شوێنگرەوەی ئەلێكس ڤیدالی بەرگریكاری یانەكەی داوە و بۆ هاوینی داهاتوو هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ سیدریك سوارێسی بەرگریكاری لای راستی یانەی ساوتهامتۆنی ئینگلیزی دەدات.
رۆژنامەی (دەیلی تەلیگراف)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: سوارێس بژاردەی یەكەمی یانەی بەرشەلۆنە دەبێت بۆ شوێنگرەوەی ڤیدال كە بەهۆی پێكانەوە تا كۆتای ئەم وەرزە لە یاریكردن دوور دەكەوێتەوە.
سوارێس /25 ساڵ/ یەكێك بوو لە ئەستێرەكانی هەڵبژاردەی پورتوگال كە هاوینی رابردوو بۆ یەكەمجار ناسناوی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا (یۆرۆی 2016ی فڕەنسا)یان بەدەستهێنا، هەروەها ئێستاش یەكێكە لە بەرگریكارە هەرە باشەكانی یانەی ساوتهامتۆن و خولی نایابی ئینگلیزی.
سوارێس لە هاوینی 2015 بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 6 ملیۆن یۆرۆ بوو لە یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنە پەیوەندی بە یانەی ساوتهامتۆنەوە كرد.
جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە ناتوانێ ئێستا گرێبەست لەگەڵ ئەو بەرگریكارە بكات، چونكە بەگوێرەی یاساكانی یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا تەنیا دەتوانێ لەشوێنی ڤیدال یاریزانێكی بێ یانە یان یانەیەكی خولی ئیسپانیا بهێنێتە ریزی یانەكەیەوە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم