لە واشنتن باسی كۆماری كوردستان لە دوای داعش دەكرێ

:: AM:11:30:23/02/2017 ‌

بڕیارە نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی شوبات/فێبرایەر، لە شاری واشنتنی پایتەختی ئەمەریكا پەیمانگەی هێدسنی ئەمەریكی، دیبەیتێك لەسەر "دەوڵەتی عێراق و كۆماری كوردستان لە دوای نەمانی داعش" ساز بكات و چەند كەسایەتییەك لە دیبەیتەكە گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەكەن.

پەیمانگەی هێدسن لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا نووسیویەتی، لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو ئەگەری كۆتاهاتنی داعش لەسەر خاكی عێراق دەكرێ، بەڵام ئەو كێشانەی ڕووبەڕووی گەلانی عێراق دەبنەوە كۆتایان نایەت، وڵاتەكە تووشی سەرەتای دابەشبوونی مەزەوی و دەسەڵاتی جیاواز و هاوشێوەی دراوسێی بێ سوودی بۆ یەكتر لێ دێ.

ئاماژەی داوە، تا ئێستەش ناكۆكی لەسەر بودجە و چەك و سنوور و نەوت لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق ماون و چارەسەر نەكراو و هەموو ئەگەرەكانیش ئەوە دەردەخەن كە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان نزیكتر دەبێتەوە.

لە بەشێكی تردا نووسیویەتی، لیژنەی پسپۆڕان بۆ توێژینەوە لەسەر هەڕەشە و دەرفەتەكان كە عێراق و كوردستان و حكوومەتی نوێی ئەمەریكا چاوەڕوانی دەكەن، دەیانەوێ بزانن كە حكوومەتی ترەمپ چۆن وەبەرهێنان لە پرسی دەوڵەتی عێراق دەكات، ئایا فیدراڵی و بنیادنانەوەی دامەزراوەكان و دەسپێشخەری بۆ دەسەڵاتێكی خاوەن بڕیار دێتەوە، یان عێراق پرسێكی شكستخواردووە و دۆڕاوە؟ حكوومەتی ترەمپ چۆن مامەڵە لەگەڵ میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران دەكات، كە خاوەنی زۆرترین پێگەن لە عێراقدا؟ ئایا دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆ چارەسەرە، یان كێشەی تر بۆ كوردەكان و گەلانی عێراق دروست دەكات. ئایا كۆماری كوردستان چی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەگەیەنێت؟

پەیمانگەكە ناوی بەشدارانی دیبەیتەكەی  بڵاو كردووەتەوە كە بریتین لە "بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتن، ڕەنج عەلائەدین توێژەر لە سەنتەری برۆكینگز دۆحە، كێنس ئێم پۆلاك لە پەیمانگەی برۆكینگز، مایكل پارگێنت لە پەیمانگەی هێدسن. هەروەها لەلایەن ئیریك بی بڕاون دیبەیتەكە بەڕێوە دەبرێت.




وشە - باز ئه‌حمه‌د