لاڤێتزی لە خولی تۆپی پێی چین چی بەسەر هاتەوە؟ داوا دەكات بگەڕێتەوە ناپۆلی

:: AM:11:37:23/02/2017 ‌

ئیزیكێل لاڤێتزی هێرشبەری ئەرجەنتینی دوای شكستخواردنی لە خولی تۆپی پێی چین، ئاشكرای كرد كە حەز دەكات بگەڕێتەوە ئیتاڵیا و لە ریزی یانەی ناپۆلی درێژە بە یاركردن بداتەوە.

لاڤێتزی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ وارگەی (سكای سپۆڕت)ی ئیتاڵی گوتی: ئێستاش چەندان یادگاری جوانم لە یانەی ناپۆلی جێهێشتووە و ئارەزووی دووبارە بەدەستهێنانەوەیان دەكەم.

ئاشكراشی كرد كە شێوازی ئێستای یاریكردنی یانەی ناپۆلی جیاوازە لەگەڵ ئەوەی كە پێشتر یاریی تێدا دەكرد، جەختیشی كردەوە كە ئارەزووی گەڕانەوەی بۆ یانەكە دەكات، لە هەمانكاتیشدا دانی بەوەدانا كە رەنگە دی لۆرینتسی سەرۆكی یانەكە رازی نەبێت بگەڕێتەوە.

لاڤێتزی ماوەی زیاتر لە ساڵێكە لە ریزی یانەی هیبای لە خولی تۆپی پێی چین یاریی دەكات، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە هیچ گۆڵێك بۆ ئەوە یانەیە تۆمار بكات.

ئەو هێرشبەرەی پێشووی یانە پاریس سان جێرمانی فڕەنسی لەمبارەیەوە گوتی: نامەوێ ئەوە رەت بكەمەوە كە هۆكاری سەرەكی پەیوەندیكردنم لە خولی چین پارە بوو، سەبارەت بە گۆڵ تۆمار نەكردنیشم ئەوە بوو كە تەنیا 8 یارییم بۆ یانەكە ئەنجامدا دواتر تووشی پێكانێكی قورس هاتم و ماوەیەكی زۆر لە یاریكردن دوور كەوتمەوە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م