یانه‌ی ریال مه‌درید له یاریی پێش كۆتایی جامی سوپه‌ری ئیسپانیا، دووچاری شكست هات و نه‌یتوانی بگاته یاریی كۆتایی، دوای ئه‌وه‌ی به یانه‌ی ئاتلێتیك بیلباو دۆڕا.
یارییه‌كه ئه‌مشه‌و له یاریگه‌ی لا رۆزالیدا له ماله‌گه كرا و تێیدا یانه‌ی ئاتلێتیك بیلباو به ئه‌نجامی 2-1 گۆڵ یارییه‌كه‌ی برده‌وه.
رائول گارسیا له گێمی یه‌كه‌مدا له خوله‌كه‌كانی 18 و 38 دوو گۆڵی بۆ بیلباو تۆمار كرد، كه گۆڵی دووه‌م به لێدانی سزا بوو.
له گێمی دووه‌مدا زیدان گۆڕانكاری كرد و سه‌ره‌تا ناچۆی هێنایه شوێنی ڤاران، كه هۆكاری خراپیی به‌رگریی ریال مه‌درید بوو.
پاشان هه‌ریه‌كه له ڤالڤێردی و ڤینسیۆسی هێنایه نێو یاریگه، كه گێمی دووه‌م ریال مه‌درید پاڵه‌په‌ستۆی زۆری كرد و هێرشی زۆری برده سه‌ر گۆڵی ركابه‌ره‌كه‌ی.
له به‌رامبه‌ردا بیلباو له خوله‌كی 79 خه‌ریك بوو گۆڵی سێیه‌م تۆمار بكه‌ن، به‌ڵام كۆرتوا توانی تۆپه‌كه كۆنتڕۆڵ بكات، كه یاریزان فیلالیبر تازه هاتبووه نێو یاریگه و به ته‌نیا له‌گه‌ڵ گۆڵ بوو.
له خوله‌كی 82 كه‌ریم بنزێما گۆڵێكی بۆ ریال مه‌درید تۆمار كرد و سه‌ره‌تا هه‌ژمار نه‌كرا، به‌ڵام دواتر به هۆی سیستمی ڤاره‌وه هه‌ژمار كرا.
هه‌روه‌ها ئاسێنسیۆ له گێمی دووه‌مدا دوو تۆپی له ستوونی بیلباو دا، به‌ڵام چانس یاوه‌ری نه‌بوو.
له خوله‌كه‌كانی كۆتایی ریال مه‌درید فشاره‌كانی زیاتر كرد و ماریانۆ دیازیش به‌شداریی كرد، به‌ڵام هیچ له ئه‌نجامه‌كه نه‌گۆڕا و ئاتلێتیك بیبلباو به 2-1 گۆڵ بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد و خۆی گه‌یانده یاریی كۆتایی.
بیلباو له یاریی كۆتاییدا یه‌كشه‌م به‌رامبه‌ر بارسێلۆنا یاریی ده‌كات.
یاریی كۆتایی له سێڤییا ئه‌نجام ده‌درێت و بارسێلۆنا 13 جار جامی سوپه‌ری ئیسپانیای به‌ده‌ست هێناوه، كه زۆرترین جاره، له به‌رامبه‌ردا بیلباو دوو جار له 1984 و 2015 جامی سوپه‌ری بردووه‌ته‌وه.