نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە

:: AM:11:54:23/02/2017 ‌

دوێنێ چوارشەم نرخی نەوت دۆلارێك دابەزی، بەڵام ئەمڕۆ رووی لە بەرزبوونەوە كردووەتەوە و ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی جۆری برێنت بە ٥٦ دۆلار و ٤١ سەنت دەفرۆشرێت.

بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوتی ئەمەریكی ناسراو بە wti نزیكەی نیوە دۆلار لە نرخی هەڵكشا دوای ئەوەی دوێنی نرخەكەی دابەزیبوو. 

رۆژی سێشەم نرخی نەوت گەیشتبووە بەرزترین ئاستی لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا، بەڵام دواتر نرخەكەی شكایەوە.

یەكێك لە گرنگترین پلانە ئابوورییەكانی ترەمپ ئەوەیە، بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریكا پەرە پێ بدات و ئەمەش وڵاتانی تری بەرهەمهێنەری نەوت بە تایبەتی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێكی نیگەران كردووە. هێشتا وڵاتانی ئۆپێك نەیانتوانیوە ١٠٠% ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكەن كە ساڵی رابردوو بەمەبەستی دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت و بەرزكردنەوەی نرخی نەوت واژوویان كردبوو.

محەمەد باركیندۆ سكرتێری گشتیی رێكخراوی ئۆپێك گەشبینی خۆی بەوە دەربڕیوە كە لە چەند مانگی داهاتوودا وڵاتانی ئەندامی ئۆپیك بتوانن بەڵێنەكانیان بەتەواوی جێبەجێ بكەن.

سەرجەم وڵاتانی ئۆپێك و ژمارەیەك وڵاتی دەرەوەی ئۆپێك بە گشتی بڕیاریان دابوو ملیۆنێك و ٧٥٨ هەزار بەرمیل لە ئاستی بەرهەمهێنانیان كەم بكەنەوە.

وەزیری وزەی رووسیا باسی لەوە كردووە كە ئەگەری زۆرە لە شەش مانگی دووەمی ساڵی ٢٠١٧، وڵاتانی ئۆپێك رێككەوتننامەكەیان درێژ بكەنەوە و پاڵپشتی لە بەرزكردنەوەی نرخی نەوت بكەن.

هاوكات وەزیری نەوتی عێراق گوتوویەتی بۆ ئەوەی بتوانێت كورتهێنانی بودجەكەی پڕ بكاتەوە، پێویستی بەوە هەیە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بگاتە ٦٠ دۆلار. لە لایەكی ترەوە كوێتیش ماوەی رابردوو رای گەیاند لە بەرنامەیدایە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی بگەیەنێتە چوار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.

ئەوەی نیگەرانییەكەی زۆرتر كردووە، بەرهەمهێنانی نەوتی جۆری شێل یان لیتەیی ئەمەریكایە و بەگوێرەی دوایین راپۆرتی ناوەندەكانی وزەی ئەمەریكا، لەو كاتەوە وڵاتانی ئۆپێك رێككەوتننامەی دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوتیان واژوو كردووە، لە ئەمەریكا ژمارەی تاوەرەكانی دەرهێنانی نەوتی لیتەیی زیادی كردووە.

لێكۆڵەرەوان پێیان وایە ئەو سیاسەتانەی ترەمپ گرتوویەتە بەر بۆ پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریكا، لەوانەیە ریسی پلانەكەی ئۆپێك بكاتەوە خوری.

مەترسییەكی تریش ئەوەیە، سعوودیە و ئێران ناكۆكییان لەگەڵ یەكتردا هەیە و لەوانەیە چیتر سعوودیە بەوە رازی نەبێت ئێران لە پلانی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتدا بەشداری نەكات.

نرخی نەوت گرێ دراوە بە ئاستی خستنەڕوو و داخوازی بازاڕ و هەر كاتێك خستنەڕوو سەرووی داخوازی بێت، ئەوا نرخی نەوت روو لە دابەزین دەكات و پێچەوانەكەشی نرخی نەوت بەرز دەكاتەوە.



وشە - سلێمان تاشان