بانكی ناوەندیی ئەڵمانیا لە نوێترین راپۆرتیدا ئاشكرای كرد، نرخی خانوو لە شارە گەورەكانی ئەڵمانیا بە رێژەی ٣٠% بەرز بووەتەوە.
بانكەكە ئەوەشی خستووەتە ڕوو كە ئەو دۆخە، نیگەرانی لێ كەوتووەتەوە و باسی لەوەش كردووە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و دروستكردنی خانووی نوێ لە ئەڵمانیا، بە خێرایی لە گەشەسەندندایە و ئەمەش رێگری لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی خانوو لە مانگەكانی داهاتوودا دەكات.
زۆرترین رێژەی گرانبوونی خانوو لە باڵەخانە بەرزەكانی شارە گەورەكان رووی داوە و لە هەندیك شوێنی تریش رێژەی بەرزبوونەوە دەگاتە ١٥%.
ئەڵمانییەكان بە سیاسەتە نوێیە ئابوورییەكانی پێوەندیدار بە رێژەی سوود دڵخۆش نین كە بۆ خوارووی سفر دابەزیوە و پێیان وایە، ئەم كارە دەبێتە هۆی ئەوەی كە پارە پاشەكەوتەكەیان زیانی پێ بگات و كەرتی خانووبەرەش بە رێژەیەكی بەرچاوتر روو لە بەرزبوونەوە بكات و دواجار داشكانیكی گەورەی نرخەكانی بەدواوە بێت.
ئەڵمانیا یەكێكە لە وڵاتە پێشەسازییە بەهێزەكانی ئەوروپا و لە ساڵانی رابردوودا پێشوازی لە سەدان هەزار ئاوارە كردووە و داڵدەدانی ئەو ژمارە زۆرە ئاوارەیەش ئەو پێویستییە دەخوڵقێنێت كە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە بەتایبەت لە كەرتی نیشتەجێكردندا، پەرە بستێنێت.