وەزیری تەندروستی ئەمەریکا دەستی لە کار کێشایەوە

:: PM:02:05:16/01/2021 ‌
ئەلێکس ئایزەر، وەزیری تەندروستی ئەمەریکا دەست لە کار کێشانەوەی خۆی رادەستی ترەمپ کرد و هۆکارەکەشی بۆ لایەنگرانی سەرۆکی ئەمەریکا گەڕاندەوە.
چوار رۆژی تر تەمەنی وەزارەتەکەی بەسەر دەچوو

ئەمڕۆ شەموو 16ی کانوونی دووەم، ئاژانسی هەواڵی بی بی سی بڵاوی کردووەتەوە، وەزیری تەندروستی ئەمەریکا چوار رۆژ بەر لە تەواوبوونی ماوەی وەزارەتەکەی دەستی لە کار کێشایەوە.

ئەلێکس ئایزەر هۆکاری دەست لە کار کێشانەوەکەی بۆ هێرشی لایەنگرانی ترەمپ بۆ هۆڵی کۆنگرێس و کۆشکی سپی وەسف کرد و لایەنگرانی ترەمپیش ئەو هەڵوێستە بە بێ بایەخ وەسف دەکەن.

وەزیری تەندروستی ئەمەریکا دەڵی، هێرش کردنە سەر هۆڵی کۆنگرە راستەوخۆ هێرشکردن بوو بۆ سەر دیموکراسی ئەمەریکا و ئەوە ئابڕووچوونێکی گەورەی بۆ وڵاتەکەیان دروست کرد.

ئەلێکس ئایزەر یەک لە هاوپەیمانە سیاسییەکانی دۆناڵد ترەمپ بوو لە ماوەی سەرۆکایەتی و تەنانەت لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا پشتیوانییەکی زۆری لە ترەمپ کرد بۆ سەرکەوتن.

لایەنگرانی ترەمپ ئەو هەڵوێستەی وەزیری تەندروستی بە بێ بایەخ وەسف دەکەن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە تەنیا بۆ ئەوە دەست لە کار کێشانەوەی خۆی پێشکەش کردووە، بۆ ئەوەی دوای نەمانی دەسەڵاتەکەی، دیموکراتەکان کێشەی یاسایی بۆ دروست نەکەن.

لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دیموکراتەکان هێرشێکی زۆریان کردە سەر سیستمی تەندروستی ئەمەریکا و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لەلایەن وەزیری تەندروستی و سەرۆکی ئەمەریکاوە و بە کەمتەرخەم لە بەرانبەر گیانی هاووڵاتییان ناویان هێنان.


وشە - هیدایه‌ت جان