بەرپرسێكی چەمچەماڵ:
دۆخی ئاسایشی شار وەك شارەكانی عێراقی لێ هاتووە

:: PM:12:11:23/02/2017 ‌
بەرپرسێكی حزبی لە شارۆكەی چەمچەماڵ ئاشكرای كرد، لە ڕووی تەناهی و ئاسایشەوە، شارۆكەی چەمچەماڵ بەردەوام ڕووداو و كێشەی تەقەكردن و ڕفاندنی تێدایە و ئەمەش وای كردووە لە ڕووی ئاسایش و ئارامییەوە، چەمچەماڵ وەك شارەكانی ناوەڕاستی عێراقی لێ بێت.

دكتۆر فەرهاد بەرپرسی لقی 19ی چەمچەماڵی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند،  بەهۆی بەردەوامی تەقەكردن و ڕفاندن و شەڕ و ئاڵۆزی و كاری نایاسایی، ئێستە دۆخی ئاسایشی چەمچەماڵ وەك شارەكانی تری عێراقی لێ هاتووە.

هەروەها گوتی،  هەموو ئەو ڕووداو و دیاردانەی لە شارۆكەكە بڵاو بوونەتەوە، بەهۆی جێبەجێ نەكردنی یاسا و بێ دەنگییە، ئەمەش بووەتە هاندەرێك تا ڕووداوەكان لە حاڵەتەوە ببن بە دیاردە و بەردەوام بوونیان هەبێت.

ئەو قسانەی بەرپرسی لقی چەمچەماڵی پارتی لەكاتێكدایە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم تەقە لە ماڵی مەلا عەبدولوەهاب سەرۆكی لقی چەمچەماڵی یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان كراوە و زیانی مادەی بەر ماڵەكەی كەوتووە، تا ئێستەش نە تەقەكەران و نە هۆكاری تەقەكردنەكەش دیار نین. بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو مەلایە لە گوتاری هەینی مزگەوتدا بەردەوام ڕەخنەی لە بەرپرسانی شارۆكەكە و حزبە دەسەڵاتدارەكانی ئەو ناوچەیە گرتووە.

لە ڕۆژانی ڕابردووشدا پێشمەرگەیەك لەسەر ئەوەی كە بە بەردەم مەكۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕان ڕۆیشتووە، لەلایەن ئەو بارەگا حزبییەوە چەند سەعاتێك گیراوە و دواتر ڕادەستی ئاسایش كراوە و تۆمەتەكەشی كە ئاراستەی كراوە، تێپەڕبوونی پێشمەرگەكەیە بە بەردەم مەكۆی چەمچەماڵی گۆڕان.

هاوكات پێشتر باژێڕوانی مەكۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە چەمچەماڵ چەندان جار هەڕەشەی دروستكردنی هێزی میلیشیای كردووە و هەڕەشەی لە كۆمپانیاكانی نەوت كرد و بەو هۆیەوەش كۆمپانیای ئیكسن مۆبیل لە كێڵگەیەكی نەوتی ئەو ناوچەیە كارەكانی هەڵپەسارد.

چەمچەماڵ/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د