ئەسینسیۆ بڕیاری جێهێشتنی ریال مەدرید دەدات.. ئینگلیزییەكانیش موشتەرین

:: PM:12:21:23/02/2017 ‌

بەگوێرەی نوێترین زانیارییە رۆژنامەوانییەكان ماركۆ ئەسینسیۆی ئەستێرەی لاوی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بڕیاری رۆیشتنی داوە و یانە گەورەكانی ئینگلتەڕاش بە رژدی چاوەڕێی دەكەن و موشتەری سەرەكین.

رۆژنامەی (دەیلی ئێكسپرێس)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: هەرچوار گەورە یانەی ئینگلیزی مانچستەر یونایتد، مانچستەر سیتی، چێڵسی و ئارسناڵ بڕیاریانداوە هەوڵی رازیكردنی ئەسینسیۆ بدەن تا وەرزی داهاتوو روو لە یانەكانیان بكەن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەسینسیۆ لە بەشێكی زۆری یارییەكانی ئەم وەرزەدا لەلایەن زێندین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید پشتگوێ خراوە و یاریی پێ ناكرێ.

ئەسینسیۆی تەمەن 22 ساڵ تا ئێستا بەشداریی لە 23 یاریی لەسەرجەم پاڵەونیەتییەكانی یانەی ریال مەدرید كردووە، لە بەشی زۆری یارییەكانیشدا بەشێوەی یەدەگ چەند خولەكێك یاریی كردووە، بەڵام ئەو یاریزانە لاوە ئەو هەلەی قۆزیوەتەوە و توانیویەتی 7 گۆڵ تۆمار بكات.

بەگوێرەی سەرچاوەكە ئەسینسیۆ بڕیاریداوە بۆ وەرزی داهاتوو ریزی یانەی ریال مەدرید جێبێڵێ و یانەیەكی تر بدۆزێتەوە تا هەلی زیاتری یاریكردنی بۆ بڕەخسێ.

ئەمە وای كردووە بەشێكی زۆری یانە گەورەكان بەتایبەتیش یانە ئینگلیزییەكان چاوی تێببڕن و ئەو ئەستێرە لاوە لە چنگی یانەی ریال مەدرید دەربێنن كە چاوەڕێی داهاتوویەكی گەشی لێ دەكرێ.

رۆژنامە ئینگلیزییەكە ئاماژەی بەوەدا كە بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد ئامادەیی خۆیان پێشانداوە بڕی 40 ملیۆن پاوەن لە پێناو ئەسینسیۆ خەرج بكەن، كە ئەمەش پارەیەكی خەیالییە بۆ یاریزانێكی تازە پێگەیشتوو.

جێی باسە گرێبەستەكەی ئەسینسیۆ لەگەڵ یانەی ریال مەدرید تا ساڵی 2022 درێژەی هەیە، بەمەش یانە ئینگلیزییەكان تووشی كێشە دەبنەوە ئەگەر یانەی شاهانە رەتی بكاتەوە دەستبەرداری ئەو ئەستێرە لاوەی بێت.






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م