مردن بەهۆی كۆرۆنا دوو ملیۆن كەسی تێپەڕاند

:: PM:04:16:16/01/2021 ‌
لەوەتەی كۆرۆنا سەری هەڵداوە، دوو ملیۆن كەسی لە دنیادا كوشتووە. تۆماركردنی ئەو ژمارە زۆرەی مردن بەهۆی كۆرۆنا لە كاتێكدایە، ساڵی رابردوو رێك لەم مانگەدا بوو كە یەكەم حاڵەتی مردن بەهۆی نەخۆشییەكە لە چین تۆمار كرا.

بەگوێرەی worldometers لە دنیادا 94 ملیۆن و 414 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون  و لەو ژمارەیەش دوو ملیۆن و 20 هەزار كەس مردوون و 67 ملیۆن كەسیش چاك بوونەتەوە.

لە ناو وڵاتانی دنیا ئەمەریكا بە 24 ملیۆن كەس لە ریزبەندی یەكەمدا دێت، دوای ئەویش هیندستان بە 10 ملیۆن و 500 هەزار كەس لە ریزبەندی دووەم و بەڕازیلیش بە هەشت ملیۆن و 400 هەزار كەس لە ریزبەندی سێیەم دێن. 

لە ئەمەریكا 401 هەزار كەس بە كۆرۆنا مردوون


لە ئەمەریكا 401 هەزار كەس بە كۆرۆنا مردوون. لە هیندستان 152 هەزار كەس و لە بەرازیلیش 208 هەزار كەس بەو ڤایرۆسە گیانیان لە دەست داوە.

پێویستە بگوترێ هێشتا كۆرۆنا مەترسیدارە و هەفتانە لە كوشتنی مرۆڤ ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەكرێت. 13ی  ئەم مانگە 16 هەزار و 536 كەس لە دنیادا بە كۆرۆنا مردن كە پێشتر ئەو ژمارە بەرزە تۆمار نەكراوە.

جگەلەمە، رۆژانە بە سەدان هەزار كەسی تر تووشی كۆرۆنا دەبن و لە هەشتی ئەم مانگە 839 هەزار حاڵەت تۆمار كرا كە بەرزترین ژمارەیە تا ئێستە تۆمار كرابێت.


وشە - سلێمان تاشان