بنەماڵەی شێخ مەحموودی حەفید ڕەخنەی توند لە نەوشیروان مستەفا دەگرن

:: PM:12:27:23/02/2017 ‌

نەوەیەكی شێخ مەحموودی حەفید، نهێنییەك لەبارەی نەوشیروان مستەفای ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرا دەكات و دەڵێ،  شێخ كاوە حەفید، ئەوی لە مەرگێكی تەواو ڕزگار كرد، بەڵام نەوشیروان بێ ئەمەكانە لە گێڕانەوەی مێژوو لە كتێبەكانی زۆر بە بچووكی و بێ بایەخییەوە باسی ئەو بابەتەكەی كردووە.

مەحموود حەفید زادە نەوەی شێخ مەحموودی نەمر كە پۆستێكی ئەكاونتی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، بەدرێژایی مێژووی بنەماڵەی شێخ مەحموودی حەفید هەر كەسێكی ستەملێكراو و ڕاكردووی دەستی داگیركەران و زۆرداران پەنای بۆ دەرگەی كراوەی ئەم بنەماڵەیە هێنابێ، بە سۆز و میهرەبانییەوە باوەشی پاراستن و ئارامی بۆ كراوەتەوە و پارێزراوە، بە تایبەت لە سەردەمی شێخ لەتیفی حەفید، بەڵام بەهۆی بێ وەفایی كەمتر ناوی دێ.

هەروەها نووسیویەتی، لە ڕووداوە مێژوویییەكان توانیویەتی زۆرێك لە سەركردەكانی كورد لە مەترسی لەناوچوون ڕزگار بكات، ئەو دەڵێ، لەم پۆستە مەبەستی لە دانەوەی چاكە و پیاوەتی نییە بە چاوی هیچ كەس، بەڵام گرنگە نەوەی نوێ ئاگەداری ڕاستی و حەقیقەتە مێژوویییەكان بن.

لەگەڵ پۆستەكە وێنەیەكی داناوە و نووسیویەتی، ئەمە وێنەی شەهید شێخ كاوەی حەفید و نەوشیروان مستەفان، شێخ كاوەی حەفید ئەو كەسە بوو كە لەسەر داوا و تكای مام جەلال، كاك شێخ دارای حەفید نەوشیروان مستەفای لە مەرگێكی حەتمی ڕزگار كرد، لەو كاتەی بەدیل گیرابوو لای حزبی سۆشیالیستی كوردستان و فەرمانی گولـلەبارانكردنی بۆ دەرچووبوو.

ناوبراو ڕەخنە لە نەوشیروان مستەفا دەگرێ و بە شاردنەوەی ڕاستییەكان ناوی دەبات و دەڵێ، نەوشیروان مستەفا لە كتێبی پەنجەكان یەكتر دەشكێنن، ئاماژەی بەو ڕووداوە داوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئاماژەیەكی بچووكی پێ داوە!. بەڵام پێویستە نەوەی نوێ ئەو ڕاستییە بزانێ، ئەگەر هیمەتی شێخ كاوەی حەفید نەبووایە، نەوشیروان مستەفا كۆتا بە ژیانی هاتبوو.





وشە - باز ئه‌حمه‌د