دوایین زانیاری لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی عێراقەوە

:: PM:08:32:16/01/2021 ‌

پێنجشەمی رابردوو وا بڵاوكرایەوە كە لە كۆبوونەوەیەكی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، كۆمسیۆنەكە رای گەیاندووە كە ناتوانن لە مانگی حوزەیران هەڵبژاردن رێك بخەن، بۆیە پێویستە وادەیەكی نوێ دیاری بكرێ و ئەوان دەتوانن دوای تشرینی یەكەم پرۆسەكە بەڕێوە ببەن، راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرای عێراق دوایین زانیاری دەخاتە روو.
پێشبینی دەكرێ هەڵبژاردن بكەوێتە تشرینی یەكەم یان دووەم
عەبدولحوسێن هینداوی، راوێژكاری مستەفا كازمی بۆ كاروباری هەڵبژاردنەكان گوتی، میكانیزمێك هەیە بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكان بەفەرمی، ئەویش لە رێگەی هاوئاهەنگییە لە نێوان ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی كۆمسیارانی هەڵبژاردن، بۆیە دوای ئەوەی ئەوان وادەكە دیاری دەكەن، سەرۆك كۆمار بەفەرمی رایدەگەیەنێت.

ئەو راوێژكارە روونی كردەوە، حكوومەتی مستەفا كازمی بە روونی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیاری كردووە و سووریشە لەسەر وادەكە و پاڵپشتی تەواوی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كردووە بۆ سەرخستنی پرۆسەكە.

لای خۆیەوە محەمەد خالیدی، سەرۆكی لیستی "بەیارق ئەلخەیر"، لە پەرلەمانی عێراق گوتی، كۆمسیۆن رای گەیاندووە كە ئەستەمە بتوانن هەڵبژاردن لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو ئەنجام بدەن، بۆیە ئەو وادەیە دوا خراوە، بەڵام تا ئێستە وادەیەكی نوێ دیاری نەكراوە، هاوكات ئاماژە بۆ بوونی نیازی هەندێك لە هێزە سیاسییەكان هەیە بۆ ساختەكاری لە هەڵبژاردن لە رێكەی كارتی دەنگدانی نوێ نەكاروەكانەوە.

روونی كردەوە، یەكێك لە هۆكارەكانی دواخستنی هەڵبژاردن ئەوەیە ئەو ئامێرانەی نوێكردنەوەی كارتی دەنگدانە پێویستیان بە شەش مانگ هەیە تا دەگەنە عێراق، ئەوەیش دوای واژووكردنی گرێبەستی كڕینیان، بەڵام تا ئێستە گرێبەست واژوو نەكراوە و پارەی تایبەت بۆ پرۆسەیە نەگەیشتووەتە كۆمسیۆن. 

ئەو پەرلەمانتارە پێشبینی كرد هەڵبژاردنی پێشوەختە بكەوێتە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ئەوە ئەگەر پێویستییەكانی هەڵبژاردن دابین بكرێت، بۆیە كارەكە ئاسان نییە، بەتایبەتی دوای هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆنی پێشووی هەڵبژاردن. 

عالیە نسەیف، پەرلەمانتاری شیعە دەڵێت، رەنگە وادەی نوێی هەڵبژاردن دوای كۆبوونەوەی داهاتووی سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە هێزە سیاسییەكانەوە بێتە راگەیاندن، بەڵام بەپێی سەرچاوەكانی نزیك لە كایەی سیاسی، زۆرینەی لایەنەكان پێیان باشە هەڵبژاردن لە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو ساز بكرێت.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل