لەبارەی نرخی دۆلارەوە لێدوانی جیاواز دەدرێت

:: PM:09:01:16/01/2021 ‌

دوای ئەوەی بانكی ناوەندی عێراق نرخی دیناری عێراقی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكا و دراوی بیانی كەم كردەوە، حكوومەتی عێراق لەسەر بنەمای نرخی نوێ، كە 1450 دینارە بۆ هەر دۆلارێك، لە بودجەی 2021 جێگیر كرد، بەوپێیەی دوای پەسندكردنی بودجە ئەو نرخە جێگیر بێت، پەرلەمانتارانی عێراق لێدوانی جیاواز لەبارەی نرخەكەیەوە دەدەن. 
لەناو پەرلەمان گفتوگۆی لەسەرە
نەدە شاكر جەودەت، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە هەوڵێك لەناو پەرلەمان هەیە بۆ گۆڕینی نرخی دۆلار لە بودجەی 2021 بۆ كەمكردنەوەی ئەو نرخەی لەلایەن حكوومەتەوە دانراوە.

روونی كردەوە، مەترسییەك هەیە بەوەی پەرلەمان بودجەی بەو نرخەی دیاری كراوە تێپەڕ بكات بەوەی نرخەكە لە بازاڕی دراو زیاتر بكات، ئەوەیش بێگومان كاریگەری لەسەر هاووڵاتییان دەبێ و نرخی خۆراك و كاڵاكان بەرز دەبێتەوە، بۆیە هەوڵێك لەئارادایە بۆ كەمكردنەوەی نرخی دۆلار، ئەوەیش ئێستە لەناو پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر هەیە.  

لای خۆیەوە شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە ئەو نرخەی دۆلار كە لە بودجەی 2021دا هاتووە، بۆ ماوەی ساڵێك جێگیر دەبێ و دەستكاری ناكرێت، دیاریكردنی نرخەكەی لە دەسەڵاتی بانكی ناوەندی و وەزارەتی داراییە و پێوەندی بە پەرلەمانەوە نییە و ناشتوانین بۆ ساڵانی داهاتوو دەستكاری بكەین، ئەو نرخەی ئێستە دیاری كراوە زیانی بە هاووڵاتیاین گەیاندووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 2662 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌