برایەك خوشكەكەی دەكوژێت

:: AM:08:59:17/01/2021 ‌
ژنێكی لاو كە سێ ساڵە لە هاوسەرەكەی جیا بووبووەوە و بەنیاز بوو هاوسەرگیری لەگەڵ كەسێكی تردا بكات، بەدەستی برایەكی و ئامۆزایەكی دەكوژرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی كانوونی دووەم، رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردووەتەوە، رۆژی پێنجشەمی رابردوو ژنێكی خەڵكی سەردەشت بە ناوی "سۆنیا دێهقان" /25 ساڵ/، بە دەستی براكەی و كوڕە مامێكی كوژراوە.

باس لەوەش كراوە، دیار نییە سۆنیا بە چ شێوەیەك كوژراوە، بەڵام تەرمەكەی بۆ پشكنینی پزیشكی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی لە ورمێ، پۆلیسیش سەردانی ماڵەكەیانی كردووە، بەڵام تا ئێستە هیچ كەسێك لەسەر ئەو تاوانە نەگیراوە.

كەسێكی نزیكی كوژراوەكە ڕای گەیاندووە، سۆنیا بە دەستی براكەی و كوڕە مامەكەی خۆی بە پاساوی نامووس كوژراوە، هەروەها سۆنیا سێ ساڵ لەمەوبەر لە هاوژینی جیا بووبووەوە و بەهۆی ئەوەی دایك و باوكیشی پێشتر لێك جیا بوونەتەوە، ئەو لەگەڵ منداڵە شەش ساڵانەكەی لەلای داپیرەی دەژیا.

ڕوون كراوەتەوە، سۆنیا بەنیاز بوو لەگەڵ كەسێكی تر ژیانی هاوبەش دەست پێ بكات، بەهۆی پێوەندی لەگەڵ ئەو كەسەوە بە فەرمانی باوكی كوژراوە، باوكی سۆنیا بە ناوی "كەیوان دێهقان" ساڵەهایە بە تۆمەتگەلی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر لە بەندیخانەی ورمێ بەند كراوە.




وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 1523 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌