هەڵوێستی رۆنی سەبارەت بە چوونی بۆ خولی چین؟

:: PM:12:36:23/02/2017 ‌

سەرچاوەیەكی ئینگلیزی ئاشكرای كرد كە واین رۆنی ئەستێرە و كاپتنی هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا و یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی رەتی كردووەتەوە وڵاتەكەی جێبێڵێ و روو لە خولی تۆپی پێی چین بكات.

وارگەی (سكای سپۆڕت)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: رۆنی لە ماوەی رابردوودا دەستەوارەیەكی خەیالی لەلایەن یانەیەكی چینییەوە پێگەیشتووە كە مووچەی هەفتانەكەی 750 هەزار یۆرۆ بووە كە ئەمەش زۆرترین مووچەیە لە مێژووی تۆپی پێدا.

دەستەوارەكە لەلایەن یانەی گوانگزهۆی چینییەوە ئاراستەی رۆنی كراوە ئەو یانەیەی كە لویس فیلیپی سكۆلاری بەڕازیلی راهێنەرایەتیی دەكات.

گرێبەستەكەی ئێستای یانەی مانچستەر یونایتد لەگەڵ رۆنی ماوەی تەنیا 18 مانگی ماوە، یانەكە لە ئێستادا كار لەسەر ئەوە دەكات گرێبەستەكە بۆ ماوەی ساڵێكی تر درێژ بكاتەوە.

رۆنی تا ئێستا لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد 5 ناسناوی خولی نایابی ئینگلیزی بردووەتەوە لەگەڵ جامێكی ئینگلتەڕا و 2 جامی یانەكانی ئیگلتەڕا، هەروەها ناسناوێكی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و ناسناوی جامی مۆندیالی یانەكانیشی لەگەڵ یانەی شەیتانە سوورەكان بەدەستهێناوە.

رۆنی ئێستا بە گۆڵكاری مێژوویی یانەی مانچستەر یونایتد دادەنرێ بەتۆماركردنی 250 گۆڵ و پێش ئەفسانەی پێشووی یانەكە بۆبی چارلتۆن كەوتەوە كە 249 گۆڵی هەبوو.

جێی باسە جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی پێرێ سێشەم بۆ دەزگاكانی راگەیاندن ئاشكرای كردبوو كە تا ئێستا نازانێ رۆنی بۆ وەرزی داهاتوو لەگەڵیان دەمێنێتەوە یان نا و ئەو بڕیارە تەنیا لەسەر خۆی دەوەستێ.






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م