سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە

:: AM:10:16:17/01/2021 ‌
بەبۆنەی یادی دامەزراندنی کەناڵی کوردستان تیڤی، سەرۆک بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە، تێیدا هیوای بەردەوامی و پێشکەوتنی زیاتری بۆ ستافی کەناڵەکە خواست.

ئەمڕۆ یەکشەم 17ی کانوونی دووەم، 22 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کەناڵی کوردستان تیڤی تێدەپەڕێت، بەم بۆنەیەوە سەرۆک بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە کردن.

هیوای بەردەوامی و پێشکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم

سەرۆک بارزانی پەیامەکەی ئاراستەی سەرپەرشتیار، بۆردی بەڕێوەبردن، ستاڤ و كارمەندانی دەزگای سەتەلایتی كوردستان تیڤی دەکات.

لە پەیامەکەی سەرۆکدا هاتووە، لە بیست و دووەمین ساڵیادی دامه‌زراندنی (كوردستان تیڤی)ـدا، گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ ئێوەی خۆشه‌ویست ده‌كه‌م و هیوای بەردەوامی و پێشکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.

"كه‌ناڵی ئاسمانیی كوردستان تیڤی وەك یه‌كه‌مین کەناڵی ته‌له‌فزیۆنی ئاسمانیی كوردستان، لەڕووی پابەندبوون بە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و گەیاندنی پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان و دەنگی ڕەوای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان، لە پێشەنگی میدیای كوردستان بووە، لەم ئەركەدا شوێنكەوتووی ڕاستگۆیی و پیشەییبوون بووە".

پابەندی بەها و ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان بن

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، سەرۆک بارزانی دەڵێ: ئێستەیش کوردستان تیڤی و زاگرۆس تیڤی لە چوارچێوەی دەزگای سەتەلایتی کوردستاندا پێویستە بەردەوام بن لە گەیاندنی پەیامی ڕەوای گەلەكەمان بە ڕای گشتیی و بڵاوكردنی هۆشیاریی نیشتیمانی و فەرهەنگی پێكەوەژیان لەناو خەڵك، لەو ڕێگەیەدا لەئاست پێشكەوتن و گۆڕانکارییە خێراکانی بواری میدیا و ڕاگەیاندندا بن، لە هەمانكاتیشدا پابەندی بەها و ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان بن، دەستخۆشیتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.


وشە - ڕێناس شابان