سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕای دەگەیەنێت، داوای دانیشتنی ئەنجوومەنمان كردووە بۆ ئەوەی كەسی كەمتەرخەم لەم ڕووداوانەی هەبووە دیاری بكرێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی كانوونی دووەم، كەنعان خەیلانی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی هەیە لە ماوەی ڕابردوو، داوای دیاریكردنی كەمتەرخەمییەكانمان كردووە.
زیاتر گوتی، یاداشتێكمان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاری هەولێر بەرز كردووەتەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر كۆمەڵێك بابەت، تا هۆكاری لایەنی كەمتەرخەم دیاری بكرێت و بزانرێ بۆچی ئەو ڕووداوانە دووبار دەبنەوە.
باسی لەوەش كرد، ڕۆژی سێشەم یان چوارشەمی ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەی ئەنجوومەن دەكرێت، دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدەین كە بە پلان ئەو كارانە نەكراوە و ڕووداوێكە ڕووی داوە.
ڕوونی كردووە، دەمانەوێ ئەو كەسانەی كەمتەرخەمن، ئەگەر پێویست بكات متمانەشی لێ بسێنرێتەوە و كەسی شیاو لە شوێنی دابنرێت، ئەوەیش بۆ خزمەتی زیاتری هاووڵاتییانە، هەركەسێكیش بەرپرسیاریەتی حكوومی هەبێت، دەبێت بەرگەی گوشار و تەنگژەكانیش بگرێت.