بەهۆی رووداوێك چوار كرێكار گیانیان لە دەست دا

:: PM:01:23:17/01/2021 ‌
بەهۆی ڕووداوێكی هاتوچۆ لەسەر ڕێی شرگات- بێجی، چوار لە دانیشتووانی كەمپی پەكەكە لە مەخموور گیانیان لە دەست دا.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی كانوونی دووەم، سەرچاوەیەك لە كەمپی پەنابەرانی پەكەكە ناسراو بە شەهید ڕۆستەم جودی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ژمارەیەك لە دانیشتووانی ئەو كەمپە بۆ كار بەنیازی چوونە بەغدا بوون و تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، هاتوچۆی ئەو كرێكارانە بەردەوامە و مانگانە سێ‌ ڕۆژ دەگەڕێنەوە ماڵ، كارەكەشیان لە بەغدایە، بەیانی ئەمڕۆ لە ڕێی شرگات بۆ بێجی تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون و چوار كرێكار گیانیان لە دەست داوە.

كەمپی مەخموور یەكێكە لەو كەمپانەی لە ساڵی 1994 پەكەكە لە نزیك مەخموور دروستی كردووە، ڕێ نادات كەس سەردانی ئەو كەمپە بكات و چاودێری چڕی خستووەتەسەر و چەندان جار لە ڕابردوو لەلایەن توركیا بۆردمان كراون.




وشە - رامیار جەواد